spot_imgspot_img

وەزارەتی بەرگری تورکیا: سیستمێکی دیکەی پاتریۆت جێگیر دەکەین

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، سیستمێکی دیکەی پاتریۆت کە لەلایەن فەرماندەیی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە ڕامشتاین/ئەڵمانیا ڕاسپێردراوە، لە پارێزگای ئەدەنە جێگیر دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ڕایگه‌یاند: “له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکارانەی لەسەر ئاستی نیشتمانیی گیراونەتەبەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی کایەی ئاسمانیی و هاووڵاتیانمان، سیستمێکی دیکەی پاتریۆت کە لەلایەن فەرماندەیی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە ڕامشتاین/ئەڵمانیا ڕاسپێردراوە، لە ئادانا جێگیر دەکرێت”.

ئاکتورک باسی له‌وه‌ کرد که‌ سوپای تورکیا له‌ پلەیەکی بەرزی دیسپلین و به‌ ئیراده‌وه‌ بەردەوامه‌ لە چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکانی و، ڕایگه‌یاند: “لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنیندا، لە ماوەی هەفتەیەکدا شه‌ش تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە. کارەکانی دۆزینه‌وه‌ و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی، هەروەها ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامە. تێکڕای درێژیی ئەو تونێلانەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن لە سووریا لەناوبراون، گەیشتووەتە ٧٦٧ کیلۆمەتر”.

په‌یوه‌ست به‌ پێشهاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاکتورک ڕایگه‌یاند، “ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەستی غەززە و گوشارەکانی بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوا، لەم مانگی ڕەمەزانەدا ڕێگریی لە مافی پەرستنی موسڵمانان کردووە. ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەروەریی لوبنان دووپات دەکەینەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەرامبەر پاراستنی گەلی فەلەستین جێبەجێ بکات. هیوادارین ئەو ململانێیانەی دەبنە هۆی کوژرانی مەدەنیی بێتاوان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە کۆتاییان پێبێت. جەخت لە گرنگی دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز دەکەینەوە کە پەککەوتنی، کاریگەریی نەرێنیی توندی لەسەر ئابووریی جیهان و دابینکردنی وزە دروست کردووە”.

هاکات سه‌باره‌ت به‌ گەرووی هورمز، ئاکتورک ڕایگه‌یاند، “تورکیا لە ڕوانگەی ئاشتیی و سەقامگیریی ناوچەیییەوە پەرەسەندنەکان هەڵدەسەنگێنێت و، جارێکی دیکە بانگەوازەکەی بۆ گشت لایەنەکان بۆ دانبەخۆداگرتن و کارکردن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپات دەکاتەوە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە