ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، 100 ئیمزا بۆ كاركردنی كاراكردنی ماددەیەكی دەستووری لەبارەی زمانی كوردی لەنووسراو و بڕیار و یاساكانی عێراق كۆدەكاتەوە تا لەمەودوا بەزمانی كوردیش بڵاوبكرێنەوە.
پۆڵا سیروان دێڕەشەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەرو بەندی ساڵی نوێی كوردی و زمانی دایكدا لەپەرلەمانی عێراق، 100 ئیمزای فراكسیۆنە جیاجیاكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆكردووەتەوە، بۆ كاراكردنی ماددەی 4ی دەستووری هەمیشەیی عێراق كەباسی ئەوەدەكات زمانی عەرەبی و كوردی هەردووكیان زمانی رەسمیی وڵاتن، كە دەبێت لەیاسا و وتار و نووسراوەكان بەكاربێن و بڵاوبكرێنەوە.
باسی لەوەشکردووە، لەسەروبەندی ساڵی نوێی كوردی و ڕۆژانی جلی کوردی و زمانی دایکدا، نزیکەی 100 ئیمزام بۆ کاراکردنی ماددەیەکی دەستووری لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا کۆکردەوە، بۆ هەموان گرنگە کە چەندە خاڵی ناکۆکمان لە سیاسەتی حوکمڕانیدا هەبێت، بەڵام لە خاڵی «زمان، خاک و نیشتمانەکەماندا» هاوبەش بین.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: “بۆیە سوپاسی هەڵوێستی فڕاکسیۆنی یەکێتی و سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکوردییەکان و کوتلەکانی دیکە دەكات، کە هاوهەڵوێست بوون بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە”.
