سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕؤژنامەنووسان دەڵێت نیگەرانین لە دوو فاقی ڕاگەیاندن لەگەڵ شوێنی ڕووداوەکان، کە بێ باکن لە بەرانبەر ئەمنییەتی شارێک و ڕووماڵەکانیان ناپیشەیین و بە ناوی خستنەڕووی زانیاری و داواش لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات جیاوازی نەکەن لە نێوان هیچ دەزگایەک و ڕیێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هەمووان وەک یەک بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو، زۆربەی کەناڵە بینراوەکان لە هەرێمی کوردستان ڕووماڵی هێرشە تیرۆریستییەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرد، بە وریاییەوە مامەڵەیان دەکرد، پابەند بوون بە ڕێنماییەکانی حکومەت لەم جۆرە ڕووماڵە هەستیارانەدا.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەنتەری میترۆ دەیان ڤیدیۆی لە لایەن هاووڵاتیانی پێگەیشتووە داوای بۆچوونمان دەکەن. هەروەها، ڕۆژنامەنووسانیش دەپرسن، “ئەم جۆرە ڕووماڵە بۆچی بۆ کەناڵێکی مۆر هەبێت و بۆ کەناڵێکی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت؟ بۆچی پەیامنێرەکەیان لە هەولێر ناتوانێت هەمان جۆری ڕووماڵی پەیامنێرەکەی سلێمانی بکات؟ بۆ لەوێ ڕێز لە ڕێنماییەکان دەگرێت لە سلێمانی پێشێلی دەکات؟
سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت، لەم بارودۆخە پڕ مەترسی و پڕ لە ئاڵنگارییەدا، پێشینە بۆ ئەمنییەتی هاووڵاتییان و پاراستنی هەرێمی کوردستانە لە هەڕەشەی تیرۆریستان، بۆ ئەمەش داوای ئەوپەڕی دیسەپلینی پیشەیی لە ڕۆژنامەنووسان دەکەین.
سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە دوو فاقی ڕاگەیاندن لەگەڵ شوێنی ڕووداوەکان، کە بێ باکن لە بەرانبەر ئەمنییەتی شارێک و ڕووماڵەکانیان ناپیشەیین و بە ناوی خستنەڕووی زانیاری، کە دەکرێت بە شێوەیەک بڵاوبکرێتەوە، نەبێتە مایەی پەشێوی و نائارامی، کەچی بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن.
سەنتەری میترۆ وێڕای تێبینییەکانی لەسەر ڕێنماییەکان، جەختدەکاتەوە کە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان جیاوازی نەکەن لە نێوان هیچ دەزگایەک، ڕیێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هەمووان وەک یەک بێت و سڵ نەکەنەوە لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بەسەر هیچ کەناڵێک.
