سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە ڕاگەیاند و تۆم باراکیش دەستخۆشی سەرۆکی ئەمریکای پێگەیاند.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا کە لە زووترین کات دا، ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستاندا بڕوات.
وتیشی: “لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە پەلە ئەو ڕێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە”.
سوپاس و پیزانینیشی ئاڕاستەی “هاوبەشە ئەمریکییەکان” کرد بۆ ڕۆڵ و پاڵپشتییان لەم پرۆسەیەدا.
دوابەدوای ئەوەش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا پێگەیشت و لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی باردۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە کرا.
تۆم باراک، سڵاو و ڕێزی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئامادەیی دەربڕینی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە و تیمی هەرێمی کوردستانیشی ڕاسپاردووە کە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک لەم دۆخە سەختەدا.
سەرۆکی حکومەت وتیشی ئەوەی پێویست بێت لەمبارەیەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی دەیکەین و داواشی لە ئەمریکا کرد کە بەردەوام بێت لە ڕۆڵی چاودێرانەی خۆی لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی گومرگ و ئابلوقەی بازرگانی.
هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.
