spot_imgspot_img

ئەمە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدایە

هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە و هەولێر و بەغدا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت.

شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

ڕوونیکردەوە کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکارى حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووریی و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکار و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، هاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم – جەیهان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “هەردوو حکومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێکبهێنن، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە تەکنیکیی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ”.

ڕاشیگەیاند، هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت.

شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ هاوبەشیی و پشتیوانی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە