سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە و ڕایگەیاند، نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 3/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر ، لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی هەولێر کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵکە و لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بکرێ و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
سەرۆکی حکومەت، بەرپرسانی ڕاسپارد: ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت. دڵنییاییشی بە خەڵکی کوردستان دا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە.
دووپاتیشی کردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسادەرچووەکان بوونەتەوە، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات.



