ئیبراهیم حاجی زەڵمی
زەمەنێکە تێڕوانینی باو وەهابوو، کە عەقڵی مۆدێرن ئەفسانەی بەتەواوی وەلاناوە، بەڵام دەرکەوت نەخێر تەنها فۆرمەکەی گۆڕیوە. ئەگەرچی زانست و لۆژیک بوونەتە بنەمای ناسینی جیهان، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن هێشتا بۆ مانا بەخشین بە ژیان و تێپەڕاندنی “بێمانایی”، پەنا بۆ سیمبولەکان دەبات.
چونکە ئەفسانە تەنیا چیرۆکی خەیاڵی نییە، بەڵکو زمانێکی سیمبولییە بۆ دەربڕینی ئەو ڕاستییە قووڵانەی کە زمانی وشکی زانست پێی ناگیرێت ، لێرەوە ئەفسانە دەبێتە مانابەخش.
پاشان لە سەردەمی ئێستادا، ئەفسانە لە ناو تێزە فیکریەکاندا،(نم؛ فۆکۆیاما و هینتینگتۆن) سینەماو فیلمەکان ، ئایدۆلۆژیا سیاسییەکان و تەنانەت “پەرستنی تەکنەلۆژیا”دا خۆی حەشارداوە، بەم مانایش بێت تەنها فۆڕمەکەی گۆڕاوە.
هەروەها عەقڵی مۆدێرن هەوڵ دەدات جیهان لە “جادوو بیری ئەفسانەیی” دابماڵێت، بەڵام بۆ ڕێکخستنی بەها ئەخلاقی و دەروونییەکان، هێشتا پێویستی بەو “مانا”یە هەیە کە ڕەگەکەی لە ئەفسانەدایە.
بە کورتی؛ دەرکەوت عەقڵی مۆدێرن و ئەفسانە دژبەیەک نەبوون، بەڵکو دوو ڕەهەندی جیاوازی تێگەیشتنی مرۆڤ بوونس لە بوون.
با بە کورتی سەیری ئەو سێ وێستگەیە بکەین لە ڕوانگەی ئەو “ئەفسانە و مانا”یەی کە باسمان کرد:
١. دیکارت و عەقڵانییەکان: “من بیر دەکەمەوە”
دیکارت دەیویست بنچینەیەکی ئەوەندە بەهێز بۆ مرۆڤ بدۆزێتەوە کە هیچ گومانێک نەیڕووخێنێت.
باوەڕی ئەو: عەقڵ “فریادڕەس”ە و ڕاستییەکان لەناو خۆماندا ( بونیادی/ فیتری) بوونیان هەیە.
بەڵام گرفت لەوەدابوو کە دیکارت وایدەزانی عەقڵ وەک “ماتماتیک” وایە؛ ئەگەر ڕاست بیر بکەینەوە، هەموو جیهان چارەسەر دەبێت. بەڵام دەرکەوت عەقڵ بە تەنیا (بەبێ هەستەکان) دەبێتە کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی خەیاڵ و وەهم.
٢. هیۆم و ئەزموونگەراکان: “تا نەیبینم باوەڕ ناکەم”
دەیڤید هیوم هات و هەموو شتێکی گێڕایەوە بۆ هەست و ئەزموون (Experience). ئەو باوەڕی وابوو کە عەقڵ هیچی لەلا نییە، مرۆڤ وەک لاپەڕەیەکی سپی لەدایک دەبێت و تەنیا لە ڕێگەی “بینین، بیستن، و دەستلێدان” زانیاری کۆدەکاتەوە.
کۆدەکەی هیۆم ئەوەبوو؛ کە زۆر بە توندی دژی “ئەفسانە” بوو، بەڵام گەیشتە ئەنجامێکی ترسناک: ئێمە هیچ شتێکی ڕەهامان نییە! تەنانەت “یاسای هۆکار و ئەنجام”یش تەنیا خوو و ڕاهاتنێکی مێشکە. ئەمە عەقڵی تووشی جۆرێک لە “بێهیوایی” کرد.
٣. کانت: “نێوەندگیر و تەلارسازەکە”
کانت بینی کە عەقڵ بە تەنیا (دیکارت) بەرەو خەیاڵ دەچێت، و هەستەکانیش بە تەنیا (هیۆم) بەرەو پشێوی دەچن. بۆیە وتی: “هەستەکان بەبێ عەقڵ کوێرن، و عەقڵ بەبێ هەستەکان بەتاڵە.”
نێوەندگیرییەکە لەوەدابوو کە کانت وتی: مێشک وەک فلتەرێک وایە؛ ماددەی خاو لە “هەستەکان” وەردەگرێت و لە ناو قاڵبە “عەقڵییەکاندا” (وەک کات و شوێن) ڕێکیان دەخات.
دەکرێت خوێنەر بپرسێ پەیوەندیی ئەمە بە “ئەفسانە و جەنگ”ەوە چییە؟ ئەم ململانێ فەلسەفییە پیشانمان دەدات کە مرۆڤ بۆچی تووشی کێشە دەبێت:
شکستی دیکارت: کاتێک مرۆڤ تەنیا بە عەقڵی خۆی بیر دەکاتەوە و جیهانی دەرەوە (واقیع) پشتگوێ دەخات، ئەفسانە و ئایدۆلۆژیا دروستدەکات (وەک فۆکۆیاما کە وای دەزانی جیهان تەنیا بەو شێوەیەیە کە ئەو بیری لێ دەکاتەوە).
ترسی هیۆم: کاتێک مرۆڤ تەنیا پشت بە ئەزموون دەبەستێت و هیچ “مانا و باوەڕێکی” نییە، تووشی پوچی دەبێت. لەم کاتەدا مرۆڤ خێرا پەنا دەباتەوە بۆ ئایین یان ئەفسانە بۆ ئەوەی لەو پوچییە ڕزگاری بێت.
پەیامەکەی کانت: کانت فێری کردین کە ئێمە جیهان “وەک خۆی” نابینین، بەڵکو “وەک ئەوەی مێشکمان نیشانمان دەدات” دەیبینین. ئەمە گەورەترین وانەیە: هەموو ئەو شەڕانەی لەسەر “ڕاستەقینە” دەکرێن، لە ڕاستیدا لەسەر ” سێبەری ڕاستەقینەن” لە مێشکی لایەنەکاندا.
پرسیارەکە لێرەدایە:
ئەگەر وەک کانت دەڵێت ئێمە ناتوانین حەقیقەتی ڕەها ببینین و تەنیا لە ناو “فلتەر”ی مێشکی خۆمانداین، ئایا ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەمیشە چیرۆک و ئەفسانە بۆ خۆی دروست بکات؟ بێگومان بەڵێ.. پاشان قەیرانی مۆدێرنە کاتێک دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندیی ڕووت دەبێتە تاکە بزوێنەر و وێرانکاری و کوشتارەکانی شەڕەکان دەبنە تەنیا “داتایەکی ئاماری”
لێرەوە مۆدێرنە سێ شتی ترسناک دەخاتە سەر خەرمانەکەی:
١/ ئامێرکردنی مرۆڤ (Instrumental Reason) یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی مۆدێرنە ئەوەیە کە عەقڵ لە “عەقڵێکی ئەخلاقی”یەوە گۆڕی بۆ “عەقڵێکی ئامێری”. واتا مرۆڤ چیتر بوونەوەرێکی خاوەن ڕێز نییە، بەڵکو دەبێتە “ئامێر و کەرستەیەک” بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی، لەم دیدگایەوە؛ کوشتار و وێرانکاری وەک کێشەیەکی تەکنیکی سەیر دەکرێت (چۆن بە کەمترین تێچوو زۆرترین زیان بگەیەنین؟) نەک وەک کارەساتێکی مرۆیی.
٢/ عەقڵانیبوونی بەربەریەت (Rationalized Barbarism) ئەوەی مۆدێرنە زیادیکرد، توندوتیژی نەبوو (چونکە توندوتیژی هەمیشە لای مرۆڤەکان هەبووە)، بەڵکو “ڕێکخستنی توندوتیژی” بو، وەک فەیلەسوفی قوتابخانەی فرانکفۆرت ( ئەدۆرنۆ) دەڵێت: “هۆلۆکۆست” یان “بۆمبی ئەتۆمی” نیشانەی نەفامی نەبوون، بەڵکو بەرهەمی عەقڵێکی زۆر پێشکەوتوو و تەکنەلۆژی بوون کە هیچ بەهایەکی ئەخلاقیان تێدا نەمابوو. ئەمە پیشانی دەدات کە مۆدێرنە خەریکە دەبێتە “بەربەریەتێکی سپی”؛ واتە بە چاکەت و پانتۆڵ و زمانی دیپلۆماسییەوە، وێرانکارییەکی گەورەتر لە سەدەکانی ناوەڕاست بەرهەم دەهێنێت.
٣/ پوچگەرایی (Nihilism) و پاشەکشە بۆ ئەفسانە، ئەم خاڵە پەیوەندی بە پرسیارە پێشووەکانمانەوە هەیە. کاتێک مۆدێرنە تەنیا باس لە “بەرژەوەندی” دەکات و گوێ بە ڕەهەندە ڕۆحی و ئەخلاقییەکان نادات، ئیتر مرۆڤ هەست بە پوچی دەکات. بۆ ڕزگاربوون لەو پوچییە، مرۆڤ جارێکی تر پەنا دەباتەوە بۆ “ئەفسانە توندڕەوەکان” (ئایینی بێت یان نەتەوەیی، یان ئایدیۆلۆژی وەهمی) بۆ ئەوەی واتا بداتەوە بە ژیانی. لێرەدا مۆدێرنە بەرهەمەکەی پێچەوانە دەبێتەوە؛ لە جیاتی ئەوەی جیهان ڕۆشن بکاتەوە، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی “تاریکییەکی نوێ” کە تێیدا توندوتیژی بە ناوی پیرۆزییەوە دەکرێت.
خەرمانی مۆدێرنە: دەستکەوت بەرامبەر تێچوو
ئەوەی مۆدێرنە دەیخاتە سەر خەرمانەکەی، جۆرێکە لە “دابڕانی ئەخلاقی لە بەرپرسیارێتی”. کاتێک مرۆڤ تەنیا وەک ژمارە و بەرژەوەندی دەبینرێت، ویژدان دەخەوێت. ئەم خەوی ویژدانەش وادەکات مرۆڤی مۆدێرن بتوانێت لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەکەیەوە سەیری کوشتار بکات و پاشان زۆر بە ئاسایی بچێت نانی ئێوارەکەی بخوات.
لێرەوە پرسیاری جەوهەری ئەوەیە؛ کاتێک مرۆڤایەتی خۆی و چارەنووسی دەداتە دەست مۆدێرنە، ئایا مۆدێرنە دەتوانێت خۆی چاک بکاتەوە و “ئەخلاق” بگەڕێنێتەوە ناو بەرژەوەندییەکان؟ یان وەک هەندێک بیرمەند دەڵێن، مۆدێرنە شەمەندەفەرێکی بێ شۆفێرە و بەرەو هەڵدێر دەڕوات ؟!.
بەدڵنیاییەوە کاتێک مۆدێرنە، لەسەر بنەمای ئەقڵانییەتی ئامێری (Instrumental Rationality) و بەرژەوەندیی مادی بونیاد نراوە، زۆرجار ئەخلاق وەک ئاستەنگێک دەبینێت بۆ دەسەڵات، لەم تێڕوانینەوە تەماشەی هاوکێشەی ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و ئێران بکەین، ئەم دۆخە بەرەو شەڕێکی کراوە دەڕوات و ئەخلاق لە سیاسەتدا غائیب دەبێت، ئەوکات دەتوانین ئەم ئەنجامانە ببینین:
١/ باڵادەستی “بەرژەوەندی” بەسەر “بەهاکان”دا لە مۆدێرنەی سیاسیدا، دەوڵەتەکان وەک مەکینەیەکی سارد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان کار دەکەن. ئەنجامی ئەمەش تێپەڕاندنی سنوورە مرۆییەکانە، چونکە جەنگ چیتر وەک کارەسات نابینرێت، بەڵکو دەبێتە تەنها ژمارە و ئامار؛ کوژراوەکان دەبنە “زیانی لاوەکی” و وێرانکارییەکان دەبنە “دەستکەوتی ستراتیژی”
لەولاشەو بێمانابوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەرکەنارکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەنجامدەرانی شەڕەوە گرفت لەسەر ئاسایشی جیهان دەکات بەم شێوازە:
٢/ کارەساتی تەکنۆلۆژی و ژینگەیی چەکەکانی سەردەمی مۆدێرنە (وەک درۆن، مووشەکی زیرەک، یان چەکی ئەتۆمی) چیتر تەنها “دوژمن” ناپێکن، بەڵکو دەبنە هۆی وێرانکاریی ژینگەیی، شەڕێکی لەو شێوەیە لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژینگەیەک وێران دەکات کە بۆ نەوەکانی داهاتووش چاک نابێتەوەلەڕووی ئابووریشەوە بەهۆی گرنگی ناوچەی کەنداو بۆ وزە، هەژارییەکی گشتگیر جیهان دەگرێتەوە، کە باجەکەی تەنها خەڵکی هەژار دەیدەن.
٣/ قەیرانی ماناکان (Nihilism) گەورەترین شکستی مۆدێرنە لە کاتی شەڕدا ئەوەیە کە مرۆڤایەتی تووشی جۆرێک لە بێهیوایی و پووچگەرایی دەکات. کاتێک مرۆڤ دەبینێت تەکنەلۆژیا و زانست (کە بەرهەمی مۆدێرنەن) لەبری خزمەت، بۆ کوشتن بەکاردێن، متمانەی بە بەهاکانی وەک “پێشکەوتن” و “شارستانییەت” نامێنێت. دەرئەنجامی کۆتایی جەنگی ئەمریکا و ئێران تەنها گۆڕینی نەخشەی سیاسی نابێت، بەڵکو دەبێتە کۆتاییهاتنی شکۆی مرۆڤ لەبەردەم ئامێر و بەرژەوەندییە چاوچنۆکەکاندا. ئەم شەڕە نابێتە شەڕی “هەق و با تڵ”، بەڵکو دەبێتە پێکدادانی دوو “بەرژەوەندی” کە مرۆڤ تێیدا تەنها سوتەمەنییە لێرەوە ؛ سیاسەت بەبێ ئەخلاق، تەنها هونەری بەڕێوەبردنی وێرانکارییە، ململانێی بەرژەوەندی بازانیش زۆرجار ملدانە بۆ دەرەنجامە نەخواستراوەکان، بۆیە ئومێد دەکەم ئەم شەڕە درێژە نەکێشێت، گەرنا گەڕانەوە بۆ مانا ئەفسانەییەکانی (هەرمگدۆن و مەسیحی فریادڕەس و مەهدی مونتەزیر) دێنە ئاراوەو ئاگرەکە خۆشتر دەکەن .
