spot_imgspot_img

پەرلەمانی عێراق دەربارەی گرفتە تازەکەی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە کۆببێتەوە، ئەمەش بە ئامادەبوونی لایەنە بەرپرسەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بڕیار وایە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ) و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئامادە بن.

ئەم داوایە بۆ سازدانی کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە ڕێ ب هەناردەکردنی نەوتی عێراق بدات لە ڕێی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان کە ئەوەش قەیرانێکی دیکەی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست کردووە.

دوێنێش مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “لەو کاتەیدا کە شەڕ و ئاڵۆزییەکی زۆر لە ناوچەکەماندا هەیە، عێراق لەژێر هەڕەشەی قەیرانی جۆراوجۆر دایە و جیاوازی لە بۆچوونی سیاسیی لایەنەکانیش پەرەی سەندووە”.

وتیشی: “داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەن و بگەنە ڕێکەوتن و ڕێگەش لەو خەڵکە هەلپەرستە بگیرێت کە بەنیازن قەیران و کێشەکان قووڵتر بکەنەوە”.

لای خۆشیەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لەم کاتەدا کە ناوچەکەمان رووبەڕووی گرژی و ناسەقامگیرییەکی سەخت بووەتەوە، نابێت ئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووس و ژیانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بدرێن.

وتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بنکەفراوانە، و دەبێت هەموو لایەنەکان بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن”.

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: “ئێستا کاتی گرژی و ئاڵۆزی یان تۆمارکردنی خاڵی سیاسی نییە. خەڵکەکەمان شایەنی ئەوەیە کە ژیانێکی سەقامگیری هەبێت و لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن”.

ڕاشیگەیاند، ئێستا کاتی یەکڕیزییە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی کە دەکرێت تووشمان ببن. ئێمە پاڵپشتی لە دیالۆگی بنیاتنەرانە دەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا و هەولێر بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق، وە لەهەمانکاتدا دڵنیاشبین کە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانمان هەرگیز نەخرێتە مەترسییەوە”.

ڕۆژی یەکشەممەش وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ برایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قەیرانەکەی ناوچەکە و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەڕێی گەرووی هومزەوە، وەزارەتی نەوت ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بە بڕی تا 300 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بۆری هەناردەکردنی ناو هەرێم بەرەو بەندەری جیهان، جگە لەو بڕە نەوتەی کێڵگەکانی ناو هەرێم کە پێش بارودۆخی ئێستا هەناردە دەکران و بڕەکەی لە 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتر نەبوو، ئەمەش لە کاتێکدا کە توانای هەناردەکردنی بۆرییەکە نزیکەی 900 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

وەزارەتی نەوتی ڕایگەیاند، “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەتی کردەوە لە ئێستادا هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە پەیوەندییان بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە”.

وتیشی: “ئێمە لای خۆمانەوە ڕوونکردنەوەمان دا کە دەکرێت ئەم مەرجانە دواتر و هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت تاوتوێ بکرێن، چونکە دواکەوتنی هەناردەکردن عێراق لە هەندێک سەرچاوەی دارایی بێبەش دەکات، وەک بەشێک بۆ قەرەبووکردنەوەیی ڕاگرتنی هەناردەکردن لە دەروازەکانی باشوورەوە”.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، “لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە، داواکارییەکەمان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نوێ دەکەینەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی هەناردەکردن، لە سۆنگەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و هاوتەریب لەگەڵ دەستوور و یاسای بودجە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە