بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت بڕیارە چارەنووسسازەکان بە تەنیا بدرێن و کاتی “تۆمارکردنی خاڵی سیاسی” نییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکی گرنگدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هۆشداری دەدات لە بڕیاری تاکلایەنە و جەخت لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و دابینکردنی بژێوی هاووڵاتیان دەکاتەوە.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەم کاتە هەستیارەدا کە ناوچەکە لەبەردەم گرژی و ناسەقامگیرییەکی سەختدایە، نابێت ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە چارەنووسی گەلەوە هەیە بە شێوەی “تاکلایەنە” بدرێن. وتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بنکەفراوانە و دەبێت هەموو لایەنەکان بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن.”
لە پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕەخنەی لە بەکارهێنانی کێشەکان بۆ ململانێی حزبی گرت و ڕایگەیاند “ئێستا کاتی گرژی یان تۆمارکردنی خاڵی سیاسی نییە، خەڵکەکەمان شایەنی ژیانێکی سەقامگیرن و دەبێت مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن.”
سەرۆکی یەکێتی داوای کرد، کە هەموو لایەنەکان یەکدەنگ بن لە بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە. جەختیشی لەسەر پاڵپشتیی یەکێتی بۆ “دیالۆگی بنیاتنەرانە” لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە هەولێر و بەغدا کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و دڵنیابوونەوە لەوەی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
