ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە، ليژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکیيەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەبێتەوە، بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان و بەشداری یەکێتی زانایان و ئەنجوومەنی فەتوای هەرێمی کوردستان یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاری دەکرێت.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان کۆدەبنەوە و چاودێریی بینینی مانگ دەکەن.
وتیشی، ئەگەر ئێوارەی چوار شەممە بە بەڵگەوە مانگ بینرا، ئەوا ڕۆژی پێنج شەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر مانگ نەبینرا، ڕۆژی پێنج شەممە تەواکەری مانگی ڕەمەزان دەبێت و ڕۆژی هەینی وەک یەکەم ڕۆژی جەژن دیاری دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی لێکدانەوەی فەلەکی ڕۆژی هەینی دەبێتە جەژن، بەڵام شیعەکان (ئێران و سیستانی) بڕیاریان داوە شەممە بکرێتە جەژن.
