ترەمپ: ٧ هەزار ئامانجی سەربازیمان لە ئێران پێکاوە و توانای موشەکی ئەو وڵاتەمان ئیفلیج کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا زنجیرەیەک زانیاری مەترسیداری سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکان کاتژمێر دوای کاتژمێر و لە هەموو لایەکەوە بەردەوامن.
ترەمپ ئاشکرای کرد، کە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە. جەختیشی کردەوە کە سێ پێگەی سەرەکی دروستکردنی موشەک و درۆن لەناو براون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هاویشتنی موشەکی بالیستیی ئێران بە ڕێژەی ٩٠٪ و هێرشی درۆنەکانیش بە ڕێژەی ٩٥٪ دابەزێت.
سەبارەت بە ڕێڕەوە ئاوییەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، کە ٣٠ کەشتیی ئێرانییان تێکشکاندووە کە خەریکی چاندنی مین بوون لە گەرووی هورمز. هۆشدارییەکی توندیشی دا و وتی “لەوانەیە بڕیاری بەئامانجگرتنی تەواوی ژێرخانی نەوتیی ئێران لە دوورگەی خارگ بدەین.”
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئێران تەنها ژمارەیەکی زۆر سنووردار موشەکی بۆ ماوەتەوە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان.
ترەمپ ڕەخنەی توندی لە هەندێک وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکا گرت و وتی، وڵاتانێک هەن بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە پاراستوومانن، کەچی ئێستا کەمتەرخەمی دەکەن لە پاراستنی بازرگانیی جیهانی لە گەرووی هورمز.
ئاشکراشی کرد، کە چەندین وڵاتی نوێ پەیوەندییان بە هاوپەیمانێتییەکەوە کردووە، بەڵام بۆ پاراستنیان لە هێرشی ئێران، ناوەکانیان بە نهێنی دەهێڵنەوە.
