spot_imgspot_img

ڕووسیا داهێنانی جێگرەوەیەکی هەرزان بۆ چاندنی ددان دەدۆزێتەوە

ڕووسیا.. داهێنانی جێگرەوەیەکی هەرزان بۆ چاندنی ددان دەدۆزێتەوە.

زانایانی زانکۆی “پێنز”ی حکومی لە ڕووسیا، جۆرە بزمارێکی (وتد) کانزایی پێشکەوتوویان داهێناوە کە سەکۆیەکی (منصة) زیادەی لەسەرە. ئەم داهێنانە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی پڕۆسەی چاندنی ددان (Implants) بۆ ئەو نەخۆشانەی کە ڕێگری پزیشکییان هەیە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانستی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەم پێکهاتە نوێیە تەمەنی ددانەکە تا ١٠ ساڵ درێژ دەکاتەوە، کاتی چارەسەرکردن کورت دەکاتەوە و تێچووەکەشی بە ڕێژەی نیوە (٥٠%) کەمدەکاتەوە.

ئەم تەکنەلۆژیایە ڕێگە دەدات بەو نەخۆشانەی بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانن ددان بچێنن، سوود لەم ڕێگەیە وەربگرن. زانایان سەکۆیەکیان بۆ بزماری ئاسایی ددانەکە زیاد کردووە کە ڕووبەری پاڵپشتی زیاد دەکات، ڕێگری لە دانیشتنی پڕکەرەوەی ددانەکە (حشوة) دەگرێت و فشاری جوین بە شێوەیەکی دروست دابەش دەکات.

زانکۆکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم تەکنەلۆژیایە بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە دەیناڵێنن بەدەست، نەخۆشی شەکرە و کەمیی ئێسکی شەویلکە، ئەم دوو گروپە زۆرجار پڕۆسەی چاندنی ددانیان لێ قەدەغە دەکرێت، بەڵام ئەم داهێنانە نوێیە چارەسەریان بۆ دەکات.

پڕۆفیسۆر “ئیکاتێرینا کۆستریگینا” لە زانکۆکە ڕوونی کردەوە “ئەم دیزاینە بۆ ئەو ددانانە بەکاردێت کە پێشتر عەسەبیان کێشراوە. ددانی تێکچوو فەرمانی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە پزیشک بزمارەکە لەناو کەناڵی ڕەگەکەدا جێگیر دەکات بۆ ئەوەی فشارەکە بە یەکسانی دابەش بکات.”

ئەم بزمارە نوێیانە بۆ چاککردنەوەی ئەو ددانانە بەکاردێن کە زیاتر لە سێیەکیان تێکچووە. لە بزمارە کلاسیکییەکاندا مەترسی دابەشبوونی نایەکسانی فشار و لێکەوتەی تر هەبوو، بەڵام ئەم مۆدێلە نوێیە کە لە فۆڵادی پزیشکی دروستکراوە، بە شێوەیەکی تاکەکەسی بۆ هەر نەخۆشێک بەپێی قەبارەی ددانەکەی دروست دەکرێت. پێکهاتەکە لە شێوەی لولەکێکدایە (برغی) کە دەچێتە ناو ڕەگەکە و سەرەکەی شێوەی خاچی (Cross) هەیە.

کاریگەری ئەم تەکنەلۆژیایە لە ڕێگەی نموونەسازی کۆمپیوتەرییەوە بۆ ددانی یەک ڕەگ و فرە ڕەگ سەلمێنراوە و “پاتێنت” یان مافی داهێنانی نێودەوڵەتی بۆ وەرگیراوە.

سەرچاوە: Naukatv.ru

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە