spot_imgspot_img

عێراق پلانە جێگرەوەکانی هەناردەکردن ڕادەگەیەنێت

وەزیری نەوتی عێراق پلانە بەدیلەکانی هەناردەکردن ڕادەگەیەنێت: هێڵی کەرکووک-تورکیا بەبێ تێپەڕبوون بە هەرێم کارا دەکرێتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وزە و ڕاوەستانی هەناردەکردن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە ئاشکرا کرد. وەزیر جەختی کردەوە کە هێڵی بۆری کەرکووک-تورکیا لە ماوەی هەفتەیەکدا ئامادەی کارکردن دەبێت.

وەزیری نەوت ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز، عێراقیان ناچار کردووە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە ٤.٤ ملیۆن بەرمیلەوە کەم بکەنەوە بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل، ئەمەش تەنها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبایە. پێشتر عێراق ڕۆژانە ٣.٤ ملیۆن بەرمیلی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرد کە ئێستا بەهۆی جەنگەوە پەککەوتوون.

هێڵی کەرکووک-تورکیا؛ جێگرەوەیەکی خێرا

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی لێدوانی وەزیر، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بوو لە ڕێگەی باکوورەوە. عەبدولغەنی ئاشکرای کرد کە:

هێڵی بۆری کەرکووک-تورکیا توانای گواستنەوەی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا. و تەنها ١٠٠ کیلۆمەتری ماوە بۆ تەواوبوونی پشکنینە هایدرۆستاتیکییەکان. بە تەواوبوونی ئەم بۆرییە نەوتەکە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە پەمپ دەکرێت بۆ هێڵەکە “بەبێ تێپەڕبوون بە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا”.

وەزیر دڵنیایی دا، کە پاڵاوگەکان بە ئەوپەڕی توانایانەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ (بەنزین، دیزل، کیرۆسین و غازی شل).

بەرهەمهێنانی غازی چێشت لێنان گەیشتووەتە ئاستێکی باش و عێراق خاوەنی خەزێنەیەکی ستراتیژییە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار تۆن غازی شل لە ژێر زەویدا پاشکەوت کراوە.

کێڵگەکانی کەرکووک بەردەوامن لە دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی باکوور، هەروەها نۆژەنکردنەوەی پەمپە ستراتیژییەکان ڕێگە دەدات ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە ڕەوانەی باکوور بکرێت.

جگە لە تورکیا، وەزارەتی نەوت کار لەسەر چالاککردنەوەی چەند ڕێڕەوێکی تری هەناردەکردن دەکات، لەوانە بەندەری بانیاس لە سوریا. هێڵی بۆری بەرەو بەندەری عەقەبە لە ئەردەن.

وەزیری نەوت جەختی کردەوە کە سەرەڕای ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە گەورەکانی وەک (ڕۆژئاوای قوڕنە، مەجنوون و حەلفایە)، حکومەت توانیویەتی هاوسەنگییەک لە نێوان پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی هەناردەکردندا دروست بکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە