spot_imgspot_img

داواکاری هەرێم لە بەغدا دەستوورییە؟

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی بەغدا دەداتەوە: هێرشی میلیشیاکان و پێشێلکارییە دەستوورییەکان هەناردەی نەوتیان پەکخستووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی توندی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە. وەزارەتەکە بەغدا بە “چەواشەکاری” تۆمەتبار دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت ئەنجامی گەمارۆیەکی دارایی و ئەمنییە کە بەغدا لێی بەرپرسە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، کە میلیشیا یاساشکێنەکان، کە لەلایەن بەغداوە مووچە و چەک وەردەگرن، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی ماددەی ١١٠ی دەستووری عێراقە، کە حکومەتی فیدراڵ پابەند دەکات بە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دامەزراوە ستراتیژییەکان. وەزارەت دەڵێت: “بەهۆی ئەم هێرشە تیرۆریستیانەوە بەرهەمهێنان وەستاوە و بەغداش هیچ ڕێکارێکی بۆ ڕێگری نەکردووە.”

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە بەغدا لە مانگی یەکەوە بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی “ئەسیکۆدا” گەمارۆیەکی خنکێنەری خستووەتە سەر بازرگانانی هەرێم و ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلار دەکات. ئەم هەنگاوە وەک گوشارێکی سیاسی نادەستووری وەسف کراوە کە شادەماری ئابووری هەرێمی کردووەتە ئامانج.

بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستوور، دەبێت بەڕێوەبردنی نەوت و گاز بە “هەماهەنگی” نێوان هەردوولا بێت. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەخت دەکاتەوە کە بەغدا ئامادەی گفتوگۆی بنیاتنەر نییە و دەیەوێت “ئەجندای نادەستووری” بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، لە کاتێکدا هەرێم چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری ڕیشەیی دەربڕیوە.

وەزارەت بە توندی ڕەخنە لەوە دەگرێت کە “هێرشبەرانی سەر کێڵگە نەوتییەکان لە بەغداوە پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا مووچەی خەڵکی کوردستان دوا دەخرێت و بە تەواوی نانێردرێت.” ئەمە وەک نادادییەکی گەورە لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانیدا ناو براوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە ئامادەیە هەرچی زووە تیمە پسپۆڕەکان دابنیشن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق بێت، بە مەرجێک ستەم لە خەڵکی کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت و شایستە یاساییەکانی هەرێم پارێزراو بن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە