برینداربوونی ٤ کارمەندی ئەمنیی عێراق لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٥ی ئازاری ٢٠٢٦)، ڕایگەیاند کە چوار کارمەندی ئەمنیی عێراق بریندار بوون لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کرانە سەر دەوروبەری ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
سەرچاوەکە بە (بەغدا ئەلیوم)ی ڕاگەیاندووە، هێرشەکان دەوروبەری ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکایان لە ناو فڕۆکەخانەی بەغدا کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە بریندارەکان لەو هێزانە بوون کە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکەیان لەسەرە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، تیمە ئەمنییەکان بەردەوامن لە کارەکانی پشکنین و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا، دوای ئەو هێرشەی کە بە موشەک و درۆن ئەنجامدرا.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندبوو، کە هێرشێکی موشەکی و درۆن دەوروبەری ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکای لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردووەتە ئامانج.
هاوکات، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاند، هۆشداری دەدەین لە هێرشە دووبارەبووەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، چونکە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتیی زیندانی ناوەندیی کەرخ دەکات.
وتیشی، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی درۆن یان موشەکی، بەهۆی ئەو ئەنجامە زۆر مەترسیدارانەی کە دەیکەوێتەوە سەر ئاسایشی زیندانەکە.
ئەم بەئامانجگرتنە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی ئەو جەنگەی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا هەڵگیرساوە زیادی کردووە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا کاریگەرییە ئەمنییەکانی گەیشتووەتە ناو خاکی عێراق.
