spot_imgspot_img

کورتولموش: لەپڕۆژەی ئیسرائیلی گەورەدا ئەو دەسەڵاتە سەرەکییەی کە پێویستە قووت بدرێت تورکیایە

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: لەپڕۆژەی ئیسرائیلی گەورەدا ئەو دەسەڵاتە سەرەکییەی کە پێویستە قووت بدرێت تورکیایە، بۆیە پێویستە قەڵای ناوخۆی خۆمان بەهێزتر بکەین‌ و نەهێڵین پرۆسەی ئاشتی شکست بهێنێت.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەرۆژنامەنووسانی رایگەیاند ئەو پڕۆسەیەی حکومەت بە”تورکیا بێ تیرۆر” ناوی دەبات، وەکو ساڵانی 2009، 2013، یان هەوڵەکانی پێشوو نییە، ئەگەر ئەمە خوا نەخواستە، شکستی هێنا، ڕەنگە دۆخەکە لەوە خراپتر بێت کە لە 4ی ئابی 2025دا بوو، (ئەو بەروارەی کە کۆمیسیۆنی هاوپشتی‌ و برایەتی‌ و دیموکراسی نیشتمانی دامەزرا)”.

دەربارەی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران ڕاشیگەیاند “گۆڕانکاری خێرای ڕژێمەکان لەزۆرێک لە وڵاتان بەشێک بووە لەئامانجەکانیان، لەکۆتاییدا بیریان لەوە کردەوە کە لەڕێگەی غەززەوە بچنە قۆناغی کۆتایی. لەپڕۆژەی ئیسرائیلی گەورەدا ئەو دەسەڵاتە سەرەکییەی کە پێویستە قووت بدرێت تورکیایە”.

وتيشى “ئێمە دەزانین کە هیچ شتێک کە لەم ناوچەیەدا ئەزموونی دەکەین، ڕێکەوت نییە. بۆ ئەوەی زۆر ڕوون بێت، ئەو پڕۆسەیەی کە بە لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەستی پێکرد، بە شێوەیەکی کاریگەر دابەشبوونی نەتەوەیی و تائیفی ناوچەکەی جێبەجێ کرد. دەرئەنجامەکانی ئەم جێبەجێکردنە لە زۆرێک لە وڵاتان زۆر ترسناک بووە. ئێستا پێویستە ئەمە پێچەوانە بکەینەوە. کاتێک سەیری تورکیە دەکەیت، ئەو پرسەی کە ئێمە قورسترین باجمان بۆ داوە، تیرۆرە. پێویستە هەرچی پێویست بێت بیکەین بۆ ئەوەی بە خێرایی چارەسەری ئەم بابەتە بکەین”.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە “ئایا کەمکردنەوەی سزاکان بۆ ئەندامانی پەکەکەو مافی هیوا بەئۆجەلان لەدوای جەژن لەکارنامەی پەرلەماندا دەبێت؟”، کورتولموش وتی “یەکێک لەگرنگترین سوودەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی دەوڵەت بەئاڕاستەیەکی هاوبەشدا دەڕۆن‌ و پڕۆسەکەش بەهەماهەنگییەکی زۆرەوە بەردەوامە. لەوەش گرنگتر بۆ یەکەمجار ئەو پرسە هێنرایە پەرلەمان. لە دەرەوەی ئەوەی کە بۆچوونی لایەنێک یان تاقمێکی دەسەڵاتدار بێت، پلاتفۆرمێکی دیموکراسی سەریهەڵدا کە نوێنەری ١١ حزب بەشدارییان تێدا کرد، کە ئیرادەی نەتەوەیی بەرجەستە بوو”.

لەوەلامی ئەو پرسیارەس کە ئایا پڕۆژەیاسای ‘مافی هیوا’یش دوای جەژن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان؟ کورتولموش وتی “شتێک بەناوی ‘مافی هیوا’ لە سیستەمی یاسایی ئێمەدا نییە. تەنانەت لەڕاپۆرتەکەدا باس لەبەشێکی تایبەت بە’مافی هیوا’ نەکراوە”.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەش کە کاتێک پرۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر” دەستیپێکرد، تورکیا کێشەی “ڕۆژاڤا”ی هەبوو، کە چارەسەر کرا، ئێستا کێشەی “ڕۆژهەڵات” هەیە، ئایا کێشەی “ڕۆژهەڵات” کاریگەری لەسەر درێژبوونەوەی پرۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر”و دواکەوتنی چەک دانانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت؟

کورتولموش وتی “پێموانییە کاریگەری هەبێت، چونکە ئێمە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەوێ دەکەین و هەموو خۆپارێزییەکی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر تورکیا نەبێت. جگە لەوەش لەم ڕۆژانەدا گرنگی بەو جۆرە شتانە مەدە؛ من پێم وایە ئەمریکییەکان پێشتر درکیان بەوە کردووە کە ناتوانن لە ڕێگەی نائارامی ناوخۆییەوە گۆڕانی ڕژێم لە ئێراندا بەدەست بهێنن”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە