سەرپەرشتیارێكی ئامادەكردنی لیستی مووچە ئاشكرای دەكات، لیستی مووچەی مانگی سێ لە رێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) ئامادە كراوە و لە گەنجینەكانیش پەسند كراوە.
فێنك حەسیب، بەرپرسی بایۆمەتریی هەولێر و سەرپەرشتیاری ئامادەكردنی لیستی مووچە بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “لیستی مووچەی مانگی سێ لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) ئامادە كراوە و لە گەنجینەكانیش پەسند كراوە”.
جەختی كردەوە، “329 یەكەی ژمێریاری لە هەولێر لیستیان ئامادە كردووە و پەسەندیش كراوە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “ئەو ئەركەی لەسەر ئێمە بوو بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی سێ تەواو كرا”.
لای خۆیەوە، یادگار جەبار، بەرپرسی بایۆمەتری لە سلێمانی، ڕایگەیاند: “لیستی مووچەی مانگی سێ لە ڕێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) لە دوایین قۆناغدایە و چەند فەرمانگەیەكی سلێمانی ماون و ئەوانیش تەواوی دەكەن”.
باسی لەوەشکرد: “ئەو فەرمانگانەی ماون، ئەوانیش بۆ گەنجینەی دەنێرن و لیستەكە پەسەند دەكرێت و ئەگەری زۆرە بۆ سبەینێ دووشەممە ئامادە بێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی 9ی ئازاری 2026وە لیست لە سیستەمی (پەیرۆڵ) چالاك كراوە.
سەرپەرشتیارەكەی ئامادەكردنی لیستی مووچە ئاشكراشی كرد: “هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو، لیستی مووچە لە رێگەی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رەوانە دەكرێت”.
یادگار جەبار، باسی لەوەش كرد، هێشتا بڕیار نەدراوە لیستی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و كەمئەندامان لە رێگەی سیستەمی (پەیرۆڵ) ئامادە بكرێت، وتیشی: “ئەوەی دوو مانگە بۆ سیستەمەكە زیاد بووە لیستی مووچەی خانەنشینانە”.
مانگانە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە (میزان موراجەعە) لە لایەن تیمێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رادەستی ژمێركاریی دارایی فیدراڵ دەكرێت.
