spot_imgspot_img

“بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە زێدەڕۆییکردنە سەر موڵکی گشتیی ناکەین”

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە وردی چاودێری بازاڕەکان و نرخ دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ داڕشتنی پلانی پارێزگا بۆ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و نەورۆز سەری ساڵی نوێی کوردی بەڕێوەچوو.

لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان و تیشکی خستەسەر دۆخی ناوچەکە بەگشتیی و ئامادەکاری و حاڵەتی ئامادەباشی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و ئەگەر و ڕووداوێک.

هەروەها جەختی لە ڕێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە هەماهەنگی نێوان یەکە کارگێڕییەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی شار و دەوروبەری کردەوەە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بەوپەڕی توانایانەوە لە خزمەت هاووڵاتییاندابن، بۆ ئەوەی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز بە ئارامی بەڕێوەبچێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراک و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەشێوەیەکى گشتیى کرا، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى هاتنى جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە و لیژنەکانیش ڕاسپێردران کە بە وردی چاودێری بازاڕ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە قۆرخکاری بکرێت، بەتایبەت لەم کاتانەدا کە قەیران یان گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات.

سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، لە ڕۆژانى جەژن و پشووەکانیش بە تایبەتى سەرجەم قائیمقامیەت و ناحیە و بنکەکانی ئاسایش و پۆلیسی بە هەماهەنگی شارەوانییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی دابن و ڕێگە نەدەن کەسانێک پشوو و بارودۆخەکە وەک دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە