spot_imgspot_img

ئێمە کوردەکانی خۆتین

زامێکە بەقەدەر نیشتمان کەونە، بە قەدەر ئەنفال قووڵە، بەقەدەر ژاڵە تاڵەو وەکو بەعسی داگیرکەر زبر و بە زەبرو زەنگە.

پەژارەیەکی کراوەی سەحرای نوگرە سەلمانە هەر دێی سواقی ئەدەی پێت دەڵێ: راوەستە هی ترم ماوە و پەلە مەکە، زنجیرەکە درامایەکی چەند وەرزییە بەم زووییە خەلاسی نابێت.

نیازی فاتیحا و درودت هەیە، کەچی لالەی ئازار و خاڵۆی خەفەت ئێژێ بوێستە: رەحیمەڵلا و من ئەعادە سورەتەلفاتیحە و خوا لەوە خۆش بێت کە خێری سەڵەواتی جەعاعەتی لەبیرە.

چاو لە چاوەڕوانیا کز و عاجز و داماوە، ئەوەندە کیمیاوی پیا چوو و ئەوەندە فرمێسکی رشت و هێند تەماشای رێی دووری کرد و فرە تەمەننای گەڕانەوەی ئازیزانی بوو.

کە ئێستا برژانگی نزایە بۆ کۆتایی بەسەرهات و تکایە بۆ داخستنی یەکجاری قاپیی خەم و ئازار.

بەسە ئیتر لە سەماوەوە زانیم بەعس ئەوەیە کە سکیر و عەربیدە و تەعریب و تەرحیلی لەدەست دێت، تەواو! ئیتر لە هەڵەبجەوە فامم کرد عەلی کاولی نە مۆڕاڵی هەیە و نەدەربەستی کیمیاویەتی. تەواو! ئیتر بۆ زرنگ و ژیر کافیە لە قەتلوعامی موکریان و زیلان و سینەمای عامودە و حامیەکەوە زانیم ناسیونالیستی سەردەست باکی نییە پاکی نەتەوەیەک قڕ بکاو گشتی کوردستانی بێچارە قووت بدا.

دەردەکە قەدیمە و کاری، لە سیپارەی خەباتی نەتەوەشدا هاتووە:
گولەی کلاشینکۆف داویە لە ڕانم، پڕ بووگە لە خوێن، ناو کەوشەکانم..
هەشت جار لە ئەنفال هەشت بەسەربووم ئیتر حەوجە بە شەنگال و فەرمانی کوشت و بڕی تر ناکات.

زام و ژانی دەستی زاڵم و یادگەی تاڵم وا کەوتەوە جولە، وا تۆپزاوای نوێباوم خلیسکاو کولایەوە و گۆڕی غەریبی فەرەنجی و گۆچانی دەستی موسام هەڵدرایەوە.

عوریانم لە بەردەم ئەم باهۆزی زوڵم و ستەمە و بێ بەرگم لە ئاستی ئەم ڕەشەبای نا عەدالەتی و نا مروەتی، ئەنفال دیدەی بێ کۆتاو کیمیاوی زەدەی بێ سەرحەدم، هیلاکم بە دەست تەواوی ئەم فەرمانانەوە و داماوم لە تاو ئەم هەموو ماجەرای زنجیر بەستن و کۆتوبەندی گەلەکۆمەکێوە.

تۆزقاڵێک هەدادانم نییە و ناهێڵن نەختێک کەوشەکەم لە پێ بکەمەوە و لەم هەموو ڕاکە ڕاکە بپێچمەوە: لەبەرچی ئەکوژرێم و لە پای چی ئەخنکێم؟

ئەم سەرهەڵگرتنە سەفەرێکی سیزیفییە و میلۆدرامایەکی خوێن پەستاوی قانییە، نزیکە لە ژەهری مار و قاوەی قاجاری، نزیکە لەگەمەی پاشقول و خەنجەر و عەسکەر، کوڕی دیکتاتۆری و باوکی سیاسەتی مۆنۆپۆڵ و کەس بەکەسە.

ئەلبومی یادگاری هەڵدەدەمەوە لە جیاتی وێنەی ئازیزان و نامەی بۆنخۆشی لاواندنەوە و دڵدانەوە ئێسک و پروسکی شاڵاوی مەغۆل و تەتەر دەبینمەوە.

ئاخر ئەمە ئەلبومە یان بوراقی ئێسقان و قاپوقاچاخی تێکشکاوی بەجێماوی ئینسان؟
ئەمە نقێمی قالی و ستاتیکای زەنگینی گەرمیانە یان گڵکۆی تازەی لەیلی بە سوێ و فرمێسکی کەربەلای بێ ئامانە؟

زامێکە بە قەدەر نیشتمان کەونە و شین و واوەیلایەکە بە ئەندازەی غەدری حەسەن و حسێن داوای تۆڵە دەکات، فەقەت باعیسی بێ توانستییە کە هەر گەرمە شینمە و هەروا گەرمە تەریقەتی رێی نەتەوە و نیشتمانم.

خوایە سا هەڵینەگری ئەم بەزمەی عەبدەکانت بە یەکتری دەکەن، خوا سا قبوڵی نەکەیت ئەم زوڵمەی هەروا بێ دەربەست و بێ درێغ بەردەوامە، لەدەست بەنی بەشەر و بەنی بەعس و بەنی زاڵم نەجاتمان دەیت، ئاخر بە خوا هەقمانە کەمێک بە دیار حوزنی خۆمانەوە دابنیشین و نەترسین لەوەی فەسڵێکی ترمان لە پێشەوە ماوە و تەرمێکی بە جێماو هێشتا چاوەرێی ناشتنە.

خودایە ئێمە کوردەکانی خۆتین و کوردەکانی کەسی تر نین.

کوردەکانی خۆتین و هەر ئەوەین کە بۆ عیبرەت بەش بەشین و چوار پەلی ئاواتمان نەنیشتۆتە سەر زەوی و هەروا بەرێوەیەن.
هەر هەوین، هەر ئەو قەومەین کە شاعیر تەعریفی داوین:
دەرزی ئاژن بوو دڵم، لە سوێی شەهیدانی نەمر بەس نییە، مەودام بدەن، تۆزکاڵێ تەسکینم دەوێ

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە