بەرپرسێکی ئێرانی: ئۆکرانیا بەهۆی پشتگیریکردنی ئیسرائیل بە درۆن، بووەتە ئامانجێکی ڕەوای هێرشەکانمان
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، رۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا بووەتە “ئامانجێکی ڕەوا” بۆ تاران، دوای ئەوەی بە کردەیی لە ڕێگەی دابینکردنی درۆن بۆ ئیسرائیل، تێوەگلاوە لە شەڕ دژی ئێران.
عەزیزی لە هەژماری خۆی لە سەکۆی X نووسیویەتی: “ئۆکرانیای شکستخواردوو، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پشتگیریی درۆن بە ڕژێمی ئیسرائیل، بە کردەیی تێوەگلاوە لە شەڕەکەدا، و بەپێی ماددەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواوی خاکەکەی کردووەتە ئامانجێکی ڕەوا بۆ ئێران.”
لەگەڵ ئەوەی هیچ زانیارییەکی فەرمی نییە کە هاوکاریی سەربازیی نێوان کیێڤ و تەلئەبیب لە بواری درۆندا پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام پێشتر ڤلادیمێر زێلێنسکی ئاماژەی بە ناردنی “شارەزایانی ئۆکرانی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان” بۆ سعوودیە و قەتەر و ئیمارات کردبوو، ئەوەش لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕی دژ بە ئێراندا پەرەیان سەندووە؛ واشنتن و تەلئەبیب بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی ئێران، لە بەرامبەردا تاران هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا توندتر کردووە.
