سێناتۆری ئەمریکی كریس مێرفی پێی وایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆنترۆڵی ڕێڕەوی شەڕی لەگەڵ ئێران لەدەستداوە.
مێرفی لە ڕێگەی سەکۆی Xـەوە هۆشداری دا کە هەڵەسەنگاندنی هەڵەی ترەمپ بۆ توانای وەڵامدانەوەی ئێران، ناوچەکەی خستووەتە ناو دۆخێکی هەڵکشانی مەترسیدارەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی توند لە نرخەکانی نەوت و زیادبوونی مەترسییە ئابوورییە جیهانییەکان.
مێرفی لە زنجیرە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە؛ تەنگژەی یەکەم بریتییە لە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە ئەوە شتێک بوو ئیدارەی ئەمریکا پێشبینی نەکردبوو؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە ڕەنگە ببێتە هۆی پاشەکشەی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی سووتەمەنی لە ئێستاوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردووە و ڕەنگە بەم زووانە نرخەکانی خۆراکیش هەمان ڕێچکە بگرنە بەر.
مێرفی دەڵێت: واشنتن تا ئێستا پلانێکی ڕوونی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە نییە، جەختیشی کردەوە کە ئەو توانایانەی ئێران لە بە ئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا بەکاریان دەهێنێت، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەلەمە خێراکان و مینە دەریایییەکان، “بە چڕی بڵاوبوونەتەوە و لەناوبردنیان کارێکی قورسە”.
ئەو سێناتۆرە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، بژاردەی یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە پاراستنی دەریایی ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبێتەوە، چونکە ئەوە پێویستی بە تەرخانکردنی بەشێکی زۆری کەشتیگەلی دەریایی ئەمریکا دەبێت بە شێوەی ڕۆژانە، لەگەڵ ئەوەشدا کەشتییە جەنگییەکان خۆیان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی مین و درۆنەکاندا دەبن.
لەبارەی ئەوەی کە وەک “تەنگژەی دووەم” ناوی برد، مێرفی جەختی کردەوە کە جەنگی سەردەم بووەتە “جەنگی درۆنەکان”؛ پێشی وابوو کە ئێران دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی خاوەندارێتی ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی تێچوو-کەم، ئاماژەی بە هێرشێکی چەند ڕۆژی پێشووش کرد کە کۆگایەکی نەوتی لە سەڵتەنەتی عومان کردبووە ئامانج.
هەروەها هۆشداری دا کە وڵاتانی کەنداو ڕەنگە بەم زووانە ڕووبەڕووی کەمیی سیستەمی بەرگریی موشەکی ببنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی نەوتیی زیاتر بکەونە بەر هێرشەکان.
لە کۆتاییدا مێرفی وتی: ئیدارەی ئەمریکا “دیدگایەکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ” نییە، هۆشداریشی دا کە هەر هێرشێکی زەمینی ڕەنگە ببێتە هۆی زیانی مرۆیی گەورە، لە کاتێکدا ڕاگەیاندنی “سەرکەوتنی شکڵی” گەرەنتی ئەوە ناکات کە ئێران یان هاوپەیمانەکانی دووبارە تواناکانیان بنیاد نەنێنەوە.
داواشی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد “زیانەکان کەم بکاتەوە و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت” بۆ ئەوەی ناوچەکە لە کارەساتێکی فراوانتر بپارێزرێت.
