پەرلەمانتارێکی کورد رایدەگەیەنێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بڕیاری هەرێمی کوردستان نیگەرانە سەبارەت بە ڕاگرتنی هەنردەکردنی نەوت.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەی کورد سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد.
ئەحمەد حاجی ڕەشید دەربارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە ڕایگەیاند، سوودانی زۆر نیگەران بوو کە بابەتی هەڵبژادنی سەرۆک کۆمارو پێکهێنانی حکومەت بەو ئاقارەدا ڕۆیشتووە و باسی لەوەکرد کە هەرلایەک بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە ئەستۆی لایەنێکی دیکە.
وتیشی: سوودانی “نیگەرانیەکی قووڵی هەبوو لە وەستاندنی هەناردەی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە و باسی لەوە دەکرد کە نەدەبوو لەم کاتە ناسکەدا هەرێم پەنا بەرێتە بەر ئەو بژاردەیە و ئەوان وەک عێراق دەیانەوێت جگە لەبۆری هەرێم ئەوا بە تانکەریش بتوانن لانیکەم 200 هەزار بەرمیلێک نەوت لە ڕێگەی تورکیاو ئەردەن و سووریاوە هەناردە بکەن”.
ئەحمەد حاجی ڕەشید ڕایگەیاند کە سوودانی ئەوەی خستووەتەڕوو کە “ئەم هەڵویستەی هەرێم هەموو لێگەشتنەکانی گەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی سەرەتا”.
وتیش: سوودانی “بەتەنزیشەوە باسی لەوە دەکرد ئەولایەنەی بڕیاری ڕاگرتنی نەوتی داوە داوای مووچەی مانگی 3 دەکات پێش کاتی خۆی” .
