سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە بە هۆی ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، هەمووان کەوتوونەتە مەترسییەکی گەورەوە.
ئەمشەو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژماریەک کەسیایەتی ئایینی سوونە و شیعەدا بەربانگی کردەوە و لە وتەیەکیشیدا باسی لە دۆخی ئێستای عیراق و ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، “جەنگ فراوان بووە و هەمووان کەوتوونەتە ناو مەترسییەکی گەورەوە” جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم جەنگە هەڕەشە لە هەموو پڕۆژەکانی ژێرخان لە ناوچەکە و بڕینی هێڵەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردن دەکات.
سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا وتی: “بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەچێت”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەوڵەت بە دامەزراوەکانییەوە بەرپرسیارە لە بڕیاری جەنگ.”
هەروەها وتی: “بۆردومانکردنی بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوپەیمانان، عێراق ڕووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەکاتەوە، دەوڵەتیش لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانییەوە بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەم کارە سەرکۆنەکراو و ڕەتکراوەیە”،
ڕوونیشیکردەوە: “دووبارە ئیدانەی بەئامانجگرتنی ڕۆڵەکانمان لە هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی دەکەین، قبوڵیشی ناکەین ڕۆڵەکانمان بکەونە بەر مەترسی و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنیان.”
ئەوەشی خستەڕوو کە “هێزەکانمان زۆرێک لەو ئۆپەراسیۆنانەیان پووچەڵ کردووەتەوە کە شوێنە ئابوورییەکان یان نێردە دیپلۆماسییەکانیان دەکردە ئامانج”، جەختیشی کردەوە “هەوڵەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگە وێرانکەرە بەردەوامە، هەروەها لە پەیوەندیداین لەگەڵ وڵاتانی برا، بەتایبەت کە عێراق سەرۆکایەتی لوتکەی عەرەبی دەکات.”
محەمەد شیاع سوودانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هیوامان بە پیاوانی ئایینی و زانایانە کە بەشداربن لە خۆپاراستن لەو فیتنەیەی کە رەنگە هیچ بەسەر هیچەوە نەهێڵێتەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “ناتانیاهۆی تاوانبار ناوچەکەی تێوەگلاندووە لەم جەنگەدا کە پێشینەی نەبووە، تەنانەت درێغی ناکات لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراویش و دەستی چووەتە خوێنی موسڵمانان و کەسانی بێتاوانەوە.”
