ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، دواین پێشهات و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێ کران. هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەو گرژییانە دەربڕی کە ئاسایشی ناوچەکەیان خستووەتە مەترسییەوە.
مەسرور بارزانی و تۆم باراک بە توندی ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی خاک و تێکدانی سەقامگیرین.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی هەماهەنگی و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.
