کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق کوژرانی سێ سەرکردەی باڵای لە بەغدا ڕاگەیاند.
میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی و کەتائیبی حزبوڵڵا، بە فەرمی کوژرانی سێ فەرماندەی باڵای گروپەکەیان لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ورد بۆ سەر ناوچەی عەرەسات لە بەغدا پشتڕاست کردەوە.
شەوی ڕابردوو، هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر ماڵێک لە ناوچەی “عەرەسات” لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەخت. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج وەک بارەگایەکی نهێنی و شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا بەکارهێنراوە.
میدیاکانی حەشدی شەعبی ناوی ئەو سێ سەرکردەیەیان بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە بریتین لە:
ئەبو عەلی عامری.
حوسێن عەبدولھادی مەھدی مەسعودی.
سەجاد خزر زێدان خەڵەف عەبودی.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئاسمانی بەغدا و شارەکانی تری عێراق ماوەیەکە شاهیدی گەشتە بەردەوامەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانن. تا ئێستا هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی بە فەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
