هەستکردن بە ماندوێتی لە ڕەمەزاندا بە چ واتایەک دێت؟ دکتۆرە هالە عەبدولکەریم، ڕاوێژکاری پزیشکی خێزان، لەمبارەیەوە دەڵێت؛ هەستکردن بە ماندوێتی لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزاندا یەکێکە لە باوترین نیشانەکان، ئەمەش بەهۆی کەڵەکەبوونی تێکچوونی خەو و گۆڕانی خووە خۆراکییەکانەوەیە.
دکتۆرە هالە ئاماژەی بەوە کرد کە دابەزینی وزە لە کاتەکانی ڕۆژوودا چاوەڕوانکراوە بەهۆی کەمی کالۆری و شلەمەنییەکان، بەڵام بەردەوامبوونی ماندوێتی بە شێوەیەکی توند، یان هەستکردن بە گێژخواردنی بەردەوام، لێدانی توندی دڵ و تەڵخبوونی بینین، ڕەنگە ئاماژە بن بۆ کێشەیەکی تەندروستی کە پێویستی بە پشکنینی پزیشکی هەبێت.
هۆکارە سەرەکییەکانی ماندوێتی:
- وشکبوونەوەی جەستە: یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکان، بەتایبەت کاتێک بڕی پێویست ئاو لە نێوان بەربانگ و پارشێودا ناخورێتەوە.
- خواردنی شەکرەمەنی: زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکرەمەنی ئاستی شەکر خێرا بەرز دەکاتەوە و دواتر بە کتوپڕی دای دەبەزێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بێهێزی.
- تێکچوونی خەو: درەنگ خەوتن و کەمیی خەوی قووڵ کار دەکاتە سەر کاژێری بایۆلۆژی جەستە و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەرکیز و بەرهەمداری دەبێت.
ئەو کەسانەی زیاتر تووشی ماندوێتی دەبن:
پزیشکەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک گروپ زیاتر بەرەوڕووی ماندوێتی دەبنەوە، وەک: نەخۆشانی شەکرە، کەمخوێنی، تێکچوونی غودەی دەرەقی و بەساڵاچووان.
جەختیشی کردەوە کە دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک زەردبوونی دەموچاو، تەنگەنەفەسی یان بوورانەوە، پێویستی بە سەردانی پزیشک هەیە.
چارەسەر و ڕێنمایییەکان:
١. ڕێکخستنی ژەمەکان بە جۆرێک کە بەربانگ پڕۆتین و ڕیشاڵی تێدابێت بۆ ڕێگری لە گۆڕانکاری خێرای شەکر.
٢. خواردنی پارشێوێکی هاوسەنگ.
٣. خواردنەوەی ٨ بۆ ١٠ پەرداخ ئاو لەدوای رۆژوو شکاندن تا کۆتایی پارشێو.
دکتۆرە هالە لە کۆتاییدا وتی: ماندوێتی ناوەڕاستی ڕەمەزان دەکرێت بە گۆڕانکارییەکی کەم لە شێوازی ژیاندا کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام پشتگوێخستنی نیشانە مەترسیدارەکان ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی تەندروستی کە دەتوانرێت بە دەستێوەردانی پێشوەختە ڕێگرییان لێ بکرێت.
سەرچوە/ سکای نیوزی عەرەبی
