spot_imgspot_img

نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن بەتەلەفون قسەیان کرد

نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا؛ جەخت لە سزادانی هێرشبەران دەکرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییاندا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و هێرشەکەی سەر سنووری مەخمووریان تاوتوێ کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و خێزانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە شەوی ڕابردوو لە سنووری مەخموور، لە ئەنجامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر میحوەری شەشی پێشمەرگە گیانی بەخشی. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو سەربازە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان قوربانی داوە.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسکردنی فەرەنسا بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی، پەیامێکی توندی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کرد و ڕایگەیاند، “پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاوەکو چییدی بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە.”

لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سوپاسی هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی سەقامگیری.

بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی شەڕی ناوچەکە. هەر دوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چڕتر بکرێنەوە، تاوەکو ناوچەکە لە مەترسیی زیاتر بپارێزرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە