spot_imgspot_img

گەروی هورمز و نەوتی عێراق لە قەیرانەوە بۆ دارمان

سیپان شێروانی
عێراق وەك وڵاتێكی نەوتی كە پشتبەستن بە نەوت لەو وڵاتە وەك داهاتی گشتی زیاترە لە ٩٠%ی كۆی گشتی داهات، واتە لە روانگەی داراییەوە عێراق تەواوی هێلكەكانی خستوەتە ناو یەك سەبەتەوە ئەمە دیاردەیەكی نائابوورییە كە هەمووان بە ئابووریناس و نائابووریناسان دركیان پێكردووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە لە كەرتی نەوتیشەوە عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی سەرجەم هێلكەكانی خستوەتە ناو یەك سەبەتەوە ئەویش هەناردەكردنی ٩٠%ی نەوتەكەیەتی لە ڕێگەی میناكانی بەسرەوە كە بە گەروی هورمز تێدەپەرێت، و كەمتر لە ١٠%ی لە ڕێگەی بۆری هەرێم- جەیهان هەناردە دەكرێت.
ئێستاش بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە لەلایەن ئێرانەوە عێراق قوربانی یەكەمە و هەناردەی ٩٠%ی نەوتەكەی كە زیاترە لە ٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە وەستاوە.
ئەم پێشهاتەش باری دارایی عێراقی خستۆتە بەردەم مەترسییەوە كە ئەگەر داخشتنی هورمز درێژە بكێشێت، دوور نییە دارایی عێراق لە قەیرانەوە هەنگاوبنێتە داڕمان.
ئەم پشت بەستنە بە یەك سەرچاوەی هەناردەكردنە دەگەڕێتەوە بۆ ناكارامەیی و شكستخواردووی سیاسەتی نەوتی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ یەوە، چونكە عێراق لە سەرەتای سییەكانی سەدەی رابردووەوە هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە ڕێگاكانی هەناردەی نەوت هەمەچەشن بكات، جا لە سەردەمانێكدا كە عێراق بە ڕێژەی كەمتر لە ئەمڕۆمان پشتی بە داهاتی نەوتی دەبەست،
عێراق لە سیەكانی سەدەی ڕابردوو بۆڕی نەوتی عێراق- طرابلسی بۆ گەیاندنی نەوتەكەی بە دەریای ناوەراست دروستكردووە و لە ساڵانی پەنجاكان بۆڕی نەوتی عێراق- سوریای كێشاوە كە نەوتی عێراق دەگەیەنێتە سەردەریای ناوەراست، وە هەروەها لە كۆتایی حەفتاكان بۆری نەوتی عێراق- توركیای كێشاوە تا نەوتی كەركوك بگەینێتە بەندەری جەیهان، وە لە هەشتاكانیشدا عێراق بۆری نەوتی عێراق- سعودیەی كێشاوە كە نەوتی عێراق بگەینێتە بەندەرەكانی سعودیە لە دەریای سور، كە توانای هەر یەك لەم بۆڕیانە لە نێوان ٣٠٠ هەزار بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە.
لە هەموو قۆناغێدا عێراقی سەردەمی مەلەكی و حكومەتەكانی پێش ٢٠٠٣ هەوڵی هەمەرەنگردنی ڕێگاكانی هەناردەكردنی داوە، بەڵام ئەوەی سەیرە لە ٢٠٠٣ یەوە عێراق نەك هیچ بۆڕییەكی نوێی دروست نەكردووە یان هەولی چاككردن و چاڵاكردنی بۆرییە كۆنەكانی نەكردووە، بگرە بە توندی دژی ئەو تاكە بۆڕییەش وەستاوەتەوە كە هەرێم لەگەڵ توركیا دەبەستێتەوە ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێستا بۆڕی نەوتی هەرێم- توركیا تاكە فریاد رەسی عێراقە.
ئەمانە بەلگەی سەلمێنەرن كە بەرێوەبردنی كەرتی نەوتی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣دا جگەلەوەی بەدەست گەندەڵییەوە دەناڵێت، خراب بەڕێوەبردن و ناستراتیجیشی پێوە دیارە كە دەرئەنجامی دەرنەكردنی یاسای نەوت و گازی فیدرالی و سیاسیەتی شۆڤێنیانە دژی نەوتی هەرێمە، كە لە دەرئەنجامدا ئابووری و دارایی و قوتی سەرجەم عێراقییەكانی خستۆتە بەردەم رەحمەتی گەروی هورمزەوە و دەبێت قۆناغی كورتخایەندا گرنگی تایبەت بە بۆڕی نەوتی هەرێم – توركیا بدرێت و لە داهاتووشدا ڕیفۆرم لە سیاسەتی نەوتی عێراقدا بكرێت و یاساییەكی نەوت و گازی فیدرالییانە دەربكرێت و هەر هیچ نەبێت ڕێگاكانی هەناردەكردن هەمەرەنگ بكرێت.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە