ترەمپ پەیامی “سڕینەوەی ئێران” ڕادەگەیەنێت: ئەمڕۆ تەماشا بکەن چی ڕوودەدات!.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خەریکی “تێکشکاندنی تەواوەتی” ئەو ڕژێمەیە و هۆشداریی دا کە جیهان چاوەڕێی ڕووداوەکانی کۆتایی ئەمڕۆ بێت.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) نووسیویەتی “ئێمە ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بە تەواوی تێکدەشکێنین، نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی ئابووری و هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە.”
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە تواناکانی ئێران گەیشتوونەتە کۆتایی و وتی، هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، مووشەک و درۆن و هەموو ئامرازەکانی تریان لەناو دەچێت و سەرکردەکانیشیان لەسەر ڕووی زەوی دەسڕدرێنەوە.
دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی هەڕەشەئامێز ئاماژەی بە ئەنجامدانی کارێکی گەورە کرد لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و نووسیویەتی، تەماشا بکەن و چاودێری بکەن بزانن ئەمڕۆ چی بەسەر ئەم چەپەڵە تێکچووانەدا دێت، کە مەبەستی لێی ڕژێمی ئێران و گروپە بریکارەکانی بوو لە ناوچەکەدا.
ترەمپ لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر مێژووی ململانێکان و ڕایگەیاند، ئەوان بۆ ماوەی ٤٧ ساڵە خەڵکی بێتاوان لە جیهاندا دەکوژن، ئێستاش من وەک ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییان پێ دەهێنم و ئەوان دەکوژم ئەمە شانازییەکی گەورەیە کە ئەو کارە دەکەم.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەوپەڕی گرژیی ئەمنی و سەربازیدایە و چاودێران چاوەڕێی ڕەهەندەکانی ئەو “کارە گەورەیە” دەکەن کە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێ کردووە.
