spot_imgspot_img

ناتۆ پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکات

ناتۆ پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکات: ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.

دوای تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستیی ئێرانی لە کایەی ئاسمانیی وڵاتی تورکیادا، هاوپەیمانیی ناتۆ ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی تەواوی وڵاتانی ئەندام لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی کردەوە.

لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا، ناتۆ ڕایگەیاند کە ئەوان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگری لە خۆیان بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە لە هەر ئاراستەیەکەوە بێت. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە”بەردەوام دەبین لە گونجاندن و پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی مووشەکی بالیستیکی خۆمان، تاوەکو بەهێزترین وەڵاممان هەبێت بەرامبەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.”

ئەم هەڵوێستەی ناتۆ دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد، مووشەکێک کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، چوووەتە ناو کایەی ئاسمانیی تورکیاوە.

بەپێی زانیارییە سەربازییەکان، سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ کە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرکراون، توانیویانە مووشەکەکە بدۆزنەوە و پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی بە تەواوی لەناوی بەرن.

ئەم ڕووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و هاوپەیمانی ناتۆ سەیر دەکرێت. ناتۆ بەم هەڵوێستە دووپاتی کردەوە کە ئاسمانی وڵاتانی ئەندام هێڵی سوورە و هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە