قوباد تاڵەبانی: جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران جەنگی ئێمە نییە؛ پەیاممان داوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی Channel 4ی بەریتانی، هەڵوێستی فەرمیی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە هەرێم نابێتە بەشێک لە جەنگی هیچ لایەنێک.
قوباد تاڵەبانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، کە جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جەنگی هەرێمی کوردستان نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ هەردوو لایەنی ناکۆک (واشنتن و تاران) لە پەیوەندیدایە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد کە پەیامی هۆشیارکردنەوەیان داوەتە ئەو پارتە کوردییانەی ڕۆژهەڵات کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە و وتی”پێمان وتوون وریا و ستراتیجی بن، لەو دۆخە تێبگەن کە لەودیوی سنوور هەیە و پەلە مەکەن لە کارێک کە زیان بە خۆتان یان ناوچە کوردییەکانی ناو ئێران بگەیەنێت.”
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، قوباد تاڵەبانی وتی”بە هیچ شێوەیەک ئەمریکا داوای لێ نەکردووین ڕێگە بدەین یان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هان بدەین لە کوردستانەوە بچنە نێو ئێران، هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە لە ئارادا نەبووە.”
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران داوای لێکردوون پاڵپشتیی هیچ لایەنێک نەکەن کە بیەوێت لە خاکی هەرێمەوە زیانیان پێ بگەیەنێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، تاڵەبانی ڕەخنەی لەو تێڕوانینە گرت کە تەنیا وەک “شەڕکەری باش” سەیری کورد دەکرێت و وتی”ڕاستە پێشمەرگە ئازایە و جێگەی شانازییە، بەڵام نادادپەروەرییە تەنیا بەو چاوە سەیر بکرێین. دەبێت جیهان بزانێت ئێمە دیپلۆماتین و دەتوانین پرد دروست بکەین و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین.”
