وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد کە مووژەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە هەڵدراوە و بە ئاراستەی تورکیا هاتووە، لەلایەن هێزەکانی ناتۆوە لەناو براوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەو مووژەکەی لە ئێرانەوە هەڵدراوە و هاتۆتە ناو کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان، لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووژەکیی ناتۆوە کە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرکراون، پێش پێکانی ئامانجەکەی تێکشکێندراوە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە تورکیا بێ دوودڵی هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە”بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوە، گفتوگۆ و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتی پەیوەندیدار (ئێران) بەردەوامە.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاسایشی نیشتمانی وەک کاری لەپێشینە دەبینێت و سەرجەم پێشهاتەکانی ناوچەکە بە وریاییەوە چاودێری دەکەن و هەڵسەنگاندنی بەردەوامیان بۆ دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
