spot_imgspot_img

سێنتکۆم: 4 کەسمان گیانی لەدەستداوە

سێنتکۆم: لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە لە عێراق ٤ کەس گیانیان لەدەستدا.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئاماری قوربانیانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە سووتەمەنیهەڵگرەکەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی گیانیان لەدەستداوە.

ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم تایبەت بوو بە فڕۆکەی جۆری (KC-135) کە شەوی ڕابردوو لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق کەوتەخوارەوە. بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکەکە شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدا بووە و لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینەکاندا، گیانلەدەستدانی چواریان پشتڕاست کراوەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پەیوەندی بە هیچ هێرشێکی دەرەکییەوە نەبووە و ڕایگەیاندووە:”کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی تەقەی دۆستانە یان کردەوەی دوژمنکارانە نەبووە، بەڵکو لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بەردەوامن.”

سەبارەت بە ناسنامەی ئەو سەربازانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی پرۆتۆکۆلە سەربازییەکان، تاوەکو ٢٤ کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان، ناسنامەکانیان بە نهێنی دەهێڵدرێتەوە.

لە ئێستادا کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی دوو ئەندامەکەی دیکەی تیمی فڕۆکەوانییەکە لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە