spot_imgspot_img

ئەنجومەنی ئاسایش هۆشداری دەداتە میدیاکان و بەرپرسان

ئەنجومەنی ئاسایش هۆشداری دەداتە میدیاکان و بەرپرسان: هەر زانیارییەک خزمەت بە دوژمن بکات لێپێچینەوەی یاسایی بەدوادێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەرپرسان و هاووڵاتییان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی هەستیار کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت، ڕووبەڕووی سزای یاساییان دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییە هەستیارەی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەرکی سەرجەم لایەنەکانە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن. ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات هەمووان خۆیان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی هەر نهێنی و زانیارییەک کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و سەقامگیری هەرێم بخاتە مەترسییەوە.

ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی توندی دەرکردووە و تێیدا هاتووە”فەرمان بە دژەتیرۆری کوردستان کراوە، هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری و نهێنییەکان، یان پۆششدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکانی دوژمن، زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، دەستبەجێ دەزگاکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە بکات و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتە بەر.”

ڕاگەیەندراوەکە تەنها بۆ میدیاکان نییە، بەڵکو هۆشداری دەداتە بەرپرسانیش کە هەر لێدوانێکیان ببێتە هۆی ئاشکرابوونی زانیاری هەستیار و لێدوانەکانیان لە بەرژەوەندی دوژمن بێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی سەروەری و دەستکەوتەکانی کوردستان لەم قۆناغەدا پێویستی بە یەکدەنگی و پاراستنی نهێنییە سەربازی و ئەمنییەکان هەیە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە