محەمەد حاجی مەحمود بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی و نووسراودا بانگەوازێکی گرنگی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای یەکڕیزیی نیشتمانی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
لە بانگەوازەکەیدا، محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕێکی نەخوازراو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپێنراوە و ئێستا “پێی ناوەتە دەیەی دووەمییەوە”. ناوبراو هۆشداری دەدات کە پەلکێشبوونی ئەم شەڕە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم و ژیانی هاوڵاتییان.
محەمەد حاجی مەحمود جەختی کردەوە کە ئەم ململانێیەی ئێستا هەیە “شەڕی کورد نییە” و ڕایگەیاند”ئاشکرایە کە کورد توانای یاریکردنی لەنێوان ئەو وڵاتە زلهێزانەدا نییە، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین تا چیتر کوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕی لایەنەکانی دیکە.”
لە پێناو پاراستنی سەروەری و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد:
بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلاوە بنێن.
لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەیەکی فراوانی نیشتمانی ئەنجام بدەن.
بەرپەرچی ئەو هێرشە ناڕەوایانە بدەنەوە کە دەکرێتە سەر خاکی کوردستان لەلایەن ئەو گروپانەی دەیانەوێت ناوچەکە بخزێننە ناو ململانێکانەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، محەمەد حاجی مەحمود هۆشداری دا کە هەر جۆرە خزانێک بۆ ناو ئەم ململانێیانە، سەرئەنجامەکەی مەترسی گەورە بۆ ئەو لایەنانە و داهاتووی وڵاتەکەش دروست دەکات.
