نێردەی ترەمپ بۆ مەسعود بارزانی: هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن.
بارەگای بارزانی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی نێوان مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا کراوەتەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٢ی ئاداری ٢٠٢٦) ئەنجامدرا، تۆم باراک سڵاو و ڕێزی تایبەتی سەرۆک ترەمپی گەیاندە مەسعود بارزانی. نێردەی ئەمریکا سوپاسی “سەرکردایەتییە حەکیمانەکەی” مەسعود بارزانی کرد لە ئیدارەدانی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا و دووپاتی کردەوە کە واشنتن وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی سەیری هەرێمی کوردستان دەکات.
تۆم باراک ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگیان بۆ ئەمریکا هەیە. ڕاشیگەیاند”ئەمریکا هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا.”
لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆک ترەمپ و نێردەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیالۆگ و پێکەوەژیان هەیە. مەسعود بارزانی وتی”ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز نابینە بەشێک لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک.”
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، مەسعود بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە “ناڕەوایانە” دا کە لەلایەن هەندێک هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاگری شەڕ و ململانێکان بەدوور بگیرێن و ئاسایشیان پارێزراو بێت.
