موجتەبا خامنەیی یەکەمین پەیامی توندی بڵاوکردەوە: گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، پەیامێکی سیاسی و سەربازیی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا کرد و جەختی لە بەردەوامیی ستراتیژیی “تۆڵەسەندنەوە” کردەوە.
ڕێبەری نوێی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە باوەڕیان بە دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، بەڵام “ناچارن” بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی ئەو وڵاتانەدا. ڕاشیگەیاند کە ئامانجی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تەنها کۆنترۆڵکردنی وڵاتانی خانەخوێیە.
لە پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی بڕیارێکی ستراتیژیی ڕاگەیاند و گوتی: “دەبێت گەرووی هورمز هەر بە داخراوی بمێنێتەوە.” ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو ئابڵۆقە و گرژییانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە لە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکان، بەتایبەتی شەهیدانی “میناب”، خۆش نابن.
هەروەها وتی “ئێران لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی کوژراوەکانی پاشەکشە ناکات.. ئێمە درێخی ناکەین لە تۆڵەکردنەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن ئەنجامی داون، بەتایبەت تاوانی قوتابخانەی میناب.”
“پێویستە بەردەوام بین لە داخستنی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی فشار بۆ سەر دوژمن.”
“دەبێت لە هەموو ئەو مەیدانانەی دوژمن تێیاندا لاوازە بجوڵێین.. ئەگەر دۆخی جەنگ بەردەوام بێت، ئەو بەرەیانە چالاک دەکەین کە دوژمن هیچ ئەزموونێکی تێیاندا نییە.”
سەرباری دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ڕێبەری نوێی ئێران ئیدیعای ئەوەی کرد کە “باوەڕی بە دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێکان هەیە” و ئاماژەی بەوە کرد کە تاران ئامادەیە “بۆ دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە و ڕاستگۆیانە لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان.”
هەروەها دووپاتی کردەوە کە “تۆڵەسەندنەوە هێشتا تەواو نەبووە”، سوپاسی ئەو کەسانەشی کرد کە بە “جەنگاوەرانی بەرەی بەرگری” وەسفی کردن و بە باشترین دۆستەکانی ئێرانی ناوبردن.
لە کۆتاییدا موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد: “ئێران داوای قەرەبوو لە دوژمنەکانی دەکات، یان سەروەت و سامانەکانیان لەناو دەبات.”
