spot_imgspot_img

قوباد تاڵەبانی: ناهێڵین دەستکاری نرخ بکرێت

قوباد تاڵەبانی: ڕێگە نادرێت دەستکاریی نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بکرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان و ڕێگری لە هەر جۆرە گرانکردنی نرخێک دەکەن.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانانی بواری خۆراک لە پارێزگای سلێمانی، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند کە بازرگانان دڵنیایان کردووەتەوە کە بەشی پێویست خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان لە کۆگاکاندا بەردەستە و هیچ مەترسییەک لەسەر کورتهێنانی کاڵاکان نییە.

جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەت بە وردی چاودێری بازاڕ دەکات و وتی”ڕێگە نادرێت بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان لە بازاڕدا بکرێت.”

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا، کە حکومەت هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەش بە بازرگانان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەکانی داهاتوودا بەردەوام بن لە هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکان بۆ بازاڕەکانی کوردستان.

هەروەها، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، کە پلانیان هەیە بۆ دروستکردنی چەند کارگەیەکی نوێی پیشەسازیی خۆراک لە ماوەیەکی نزیکدا، بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار لەسەر گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی پێویست دراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە