کردنەوەی کۆگای یەدەگی نەوتی ئەمریکا؛ پەیامە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بازاڕ.
چاودێرانی کاروباری سیاسی و ئابووری پێیان وایە کە ڕاگەیاندنی کردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نەوت لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، نوێنەرایەتی پەیامێکی سیاسی و ئابووری ئەمریکا دەکات بۆ گەرەنتی کردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان.
ئیدارەی ترامپ بڕیاری داوە ١٧٢ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئازاد بکات، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی نرخە بەرزەکانی نەوتە. پڕۆسەی دەرهێنان و خستنەڕووی ئەم بڕە نزیکەی ١٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ پلانی قەرەبووکردنەوەی ئەم بڕە بە ٢٠٠ ملیۆن بەرمیل لە ماوەی ساڵی داهاتوودا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزە.
عەباس جبووری، شرۆڤەکاری سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ “بەغداد ئەلیەوم” دووپاتی دەکاتەوە کە “ڕاگەیاندنی کردنەوەی یەدەگی سووتەمەنی ستراتیژیی ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی ڕەهەندە سیاسییە گرنگەکانە لە بەڕێوەبردنی گرژییەکانی ناوچەکە و بازاڕەکانی وزەی جیهان”.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم هەنگاوە چەند ئامانجێکی سیاسی هەیە، دیارترینیان کارکردنە بۆ جێگیرکردنی نرخەکان و دابەزاندنیان بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشار لەسەر بەکاربەرانی ئەمریکی، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هەڵبژاردنەکان، سەرەڕای هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە بازاڕەکانی وزەدا.
جبووری ئاماژە بەوەش دەکات، کە کردنەوەی ئەم یەدەگەی دەتوانرێت لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی گرژییە ناوچەییەکاندا تێبگەین، چونکە پەیامێکی سیاسییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەت لە سۆنگەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، و دوورکەوتنەوە لە هەر پەرەسەندنێک کە کاریگەری لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکان هەبێت.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هەنگاوە لەسەر بازاڕەکان، جبووری ڕایگەیاند، کردنەوەی یەدەگی ستراتیژی ڕەنگە لەسەر کورتخایەن ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی خستنەڕوو لە بازاڕدا، کە ئەمەش هاوکار دەبێت لە دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی و کەمکردنەوەی فشار لەسەر نرخەکانی سووتەمەنی لە ئاستی جیهانیدا.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە هەردوو جۆرە سەرەکییەکەی نەوت بەرزبوونەوەی پێوانەییان بەخۆوە بینیوە؛ نەوتی برێنت بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١٠١.٥٩ دۆلار، و نەوتی تەکساس (WTI) نزیک بووەوە لە ٩٦ دۆلار. ڕۆژی دووشەممەش هەردوو جۆرەکە بازدانێکی گەورەی ٣٠٪ـیان تۆمار کرد و گەیشتنە ئاستی ١٢٠ دۆلار.
شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە هەر پەککەوتنێکی درێژخایەن لە جووڵەی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە — کە جگە لە نەوت، یەک لەسەر سێی پەین (کیمیایی)ـی جیهانیشی پێدا تێدەپەڕێت — دەبێتە هۆی شۆکێکی ئابووریی سەخت، بەتایبەتی بۆ کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا.
