spot_imgspot_img

“هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی هەوڵێکی بێهودەیە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان”

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربارەی بۆردومانکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ئەنبار ڕایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە ڕێکخراو و دووبارەبووانە و بە ئامانجگرتنی پێگە و بارەگاکان بەبێ جیاوازی، تەنها پێشێلکارییەکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی بێهودەیە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، “محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەردەوامە لە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە سەبارەت بەو هێرشە ئاشکرایانەی کرانە سەر پێگەکانی یەکەکانی حەشدی شەعبی، کە بوونە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە قارەمانان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی پیرۆزیاندا لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هێزە ئەمنییەکان و لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆیاندا”.

وتیشی: “ئەم دەستدرێژییە ڕێکخراو و دووبارەبووانە و بە ئامانجگرتنی پێگە و بارەگاکان بەبێ جیاوازی، تەنها پێشێلکارییەکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی بێهودەیە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و لێدان لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و تێکدانی ئەو دەستکەوتە ئەمنییانەی کە بە خوێنی عێراقییەکان و قوربانیدانی شەهیدان بەدی هاتوون”.

سەباح نوعمان ڕاشیگەیاند، “ئێمە جەخت دەکەینەوە کە خوێنی چەکدارەکانمان ئەمانەتە لە ئەستۆماندا و ڕێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان شانۆیەک بۆ پێشێلکردنی شکۆی نیشتمانی”.

ئەم ڕاگەیەندراوە دوای ئەوە هات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عوکاشاتی ئەنبار بۆردومان کرا و بەهۆیەوە دەیان چەکداری میلیشیاکان کوژران و برینداربوون.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە