عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
بە داخەوە کورد جوگرافیەکەی زۆر ئاڵۆز و نالەبارە، بە جۆرێک کەوتۆتە نێوان چەند نەتەوەیەک، لەوانە بە شێوەیەکی سەرەکی، تورک و عەرەب و فارس، دیارە هیتریش هەن، بەڵام هەژمونیان بەوشێوەیە نیە لەسەر واقیعی حاڵ، ئەوەی جێگەی تێڕامانە کورد هەرگیز مەترسی نەبووە بۆ بەرژەوەندی ئەو نەتەوانە، ئەگەر چی خاکەکانیان بەشی زۆری هی کورد بووە، دیرۆکیش ئەو راستیەی سەلماندووە.
لێ لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە پێکەوە ژیانیان پێ باشتر بووە، لەوەی دوژمنایەتی بکاتن، هەروەک لەپێشدا باسمان کرد، لەبەر جوگرافیەکەی هەر ئەگەرێکی نەخوازرا و هاتبێتە پێش، پڕیشکی بەر کورد کەوتوە، بۆ سەلماندنی ئەو راستیە تفت و تاڵە چەندین نمونەی مێژویی هەیە.
شەڕی جاڵدێران بە نمونە: ئەو شەڕە لە نێوان عوسمانیەکان و سەفەویەکان لە ساڵی ١٥١٤ لە دەڤەری جاڵدێرانی کوردستان رویدا، واتە لەسەر زەمینی کورد بوو، ئەمە وایکرد زەرەر و زیانی مرۆیی و ماددی زۆر گەورە بەر کورد بکەوێت، دواجاریش کە شەڕەکە کۆتایی هات ئەگەر چی لێکەوتەکانی هەتا حەیامەکی دوور مایەوە، سەرەنجام سەریکێشا بۆ دوو پارچە بوونی کوردستان، واتە بەشەکی کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکان، بەشەکەیتریش بۆ عوسمانیەکان.
نمونەیەکیتر، شەڕی جیهانی یەکەم: ئەگەر چی شەڕی جیهانی یەکەم هەموو دنیای بەنزیکی تەنیەوە، بێجگە لە لایەنی دۆڕاو لە شەڕەکە، زەرەرمەندی گەورە کورد و خاکەکەی بوو، لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیەی کوردستان لە بری دوو پارچە بووە پێنج پارچە ، خۆی لە بنەڕەتدا دەبوو کورد قازانج بکات چونکە سروشتی شەڕە جیهانیەکان یان گەورەکان گۆڕانکاری جوگرافی لێیەوە رودەدات، بەڵام بۆ کورد نەگبەتی بوو.
هەروەک ئاماژەمان پێدا لە بری یەکبوون و سەربەخۆیی دابەشکردنی لێ هاتە کایەوە، تەنانەت ئەوەندە مافەشیان بە رەوا نەزانی کە لە رێککەوتننامەی سیڤەردا هاتبوو ، دوای دووساڵ بە رێککەوتننامەی لۆزان ئەوەی بۆ کورد هاتبوو سڕایەوە، دیارە بە دەسیسەی داگیرکەران لە پێشەوەیاندا تورکیای کەمالی بوو.
ئیتر ئەوە، کورد وتەنی بوویتە نرخە، هەر شەڕەک رویدابێت کورد قازانجی لێنەکردووە، هەرچ نەبیت خاکی کوردستان بوویتە پێخوستی شەڕ، لەو حاڵەتەشدا بە هەردیو زەرەری بووە، واتە مرۆیی و ماددی، شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانمان بینی، باشوری کوردستان زەرەری گەوری بەرکەوت، چەکی کۆکوژی بەرامبەر بەکارهات، قێزەونترین کردەوەی دەرهەق کرا کە خۆی بینیەوە لە ئەنفالە بەدناوەکان، مەپرسە چەند هەزار کوردی بێوەی تیایدا لوشکرا.
بە دڵنیاییەوە ئەگەر کەڵکەڵەی سەرکەوتن لەسەری سەددامی نەدابا کە سەری کێشا بۆ داگیرکردنی کوێت، بەوەندەش نەدەوەستا بگرە هەموو کوردی رادەگواست بۆ بیابانی خۆرئاوا، تەنها سەنتەری شارەکانی هەولێر و سولەیمانی و دهۆک نەبێت، خواش دەیزانی چیتریان لە باخەڵی دابوو، بۆ ئەو شارانەش.
لەڕاستیدا من ترسی زۆر گەورەم هەیە، دیسان لەو شەڕە کاولکاریەشدا مێژو خۆی چەند بارە بکاتەوە، کورد و کوردستان زەرەرمەندی هەوڵ و ئاخیر بێت، لە لایەک لەبەر ئەو مێژوە پڕ لە ئازارەی بینیومانە، لە لایەکیتر لەبەر ئەو لایەنە شەڕکەرانە کە هیچ باکیان نیە، جگە لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان، مەعلومە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەو شەڕە لەبەر خۆی و کوڕە بەنازەکەیەتی کە ئیسرائیلە.
واتە ئەگەر هەر کێ زەرەر بکات گرنگ نیە، بە پێچەوانە گرنگ ئەوەیە سەری ئیسرائیل سەلامەت بێت، هاوکات پارەش بکێشێتەوە لەو وڵاتانەی مەجبوور ماینە بیدەن بۆ پاراستنی سەری خۆیان، ئێرانیش لەبەر بوغرایی خۆی و هەستی پاوان خوازی لەژێر ناوی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامیەوە، بۆ جیهان، بەوە خۆی توشی ئەو گێژاوە کردووە، دیارە لە نێوان ئەو دوو بەرەیە بە دڵنیاییەوە گەلانی دەڤەرەکە زەرەرمەندی یەکەم دەبن، واتە ئەگەر تێوەبگلێن و ببنە بەشێک لەو شەڕە.
بە نمونە کورد، هەر لایەک لەو دوو لایەنە ئەگەر دەست و قاچیشیان نەمێنێت، بای ئەوەیان پێ دەمێنێت سەرکوتی جوڵانەوەکە بکەن و حیساب و کیتابەکەش بۆ دوای بێدەنگبوونی چەکەکان بهێڵنەوە.
کورد چی بکات باشە؟
راستە چەند لایەنێک لە ئێران هەن، بەڵام تیشکە رۆشنای من لەسەر کورد و هاوخوێنەکەمە، لێرەدا و لە دوای خستنەڕوی واقیعەکە، پرسیارەک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، کورد چی بکات باشە؟ بە بڕوای خۆم سێ شت زۆر گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا پەیرەو بکرێت:
یەکەمیان، یەکبوون و یەک وتاری کوردە کە ئەوە سەنگی مەحەکە، بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی تاڵی ئەم شەڕە/
دووەمیان، پاراساتنی هاوسەنگی و بێلایەنی، لە نێوان ئەو دوو لایەنە، واتە نەشکانەوە بەلای هیچ کام لەو لایەنانە.
سێهەمیان، توند و تۆڵکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند.
بەو هەژمارەی ئەوە دەوڵەتێکی رەسمیە و دەتوانێ داکۆکی تەواو لە ئاسمان و زەمینی عێراق بکات و رێش بگرێت لەو لایەنانەی داخیان لە کوردە و دەیانەوێت ئەو پێشهاتە بکەنە پاساو بۆ بەتاڵکردنەوەی حەزی شەڕانگیزیان دەرهەق بە کورد، بە کورتی و بە کوردی گەورەترین سەرکەوتن بۆ کورد لەم شەڕە بێ ئەمانە وەستانە بە یەک مەسافە لە نێوان لایەنەکان هەتا ئەو کاتەی بەرەنجامەکانی شەڕەکە وردە وردە دەردەکەون، ئەو کات دەتوانرێ ئاسانتر پەل بهاوێژێت بۆ هەر ئاراستەک کە بەرژەوەندی ستراتیجی کوردی تێدا بێت.
