ساڵح موسلیم کۆچی دوایی کرد.
ساڵح موسلیم، سیاسەتمەداری دیاری کورد بوو بەهۆی نەخۆشیەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان سەر لەئێوارەی ئەمرۆ کۆچی دوایی کرد.
ساڵح موسلیم مەحەممەد (لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١ لە کۆبانێ)، ھاوسەرۆکی پێشووی (پەیەدە) بوو کەکاریگەریترین حیزبە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەزانکۆی تەکنیکی لە ئەستانبۆڵ خوێندویەتی و خاوەنی پێنج منداڵیشە.
ساڵح موسلیم، کوڕە ھەژارێکی گوندی شێرانە سەر بە کۆبانێ، لە کۆبانێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و دواتر لە بەر چەند ھۆکار، لە شاری دیمەشق و لە ئامادەیی الکواکبی لە حەلەب خوێندنی دواناوەندی ساڵی ١٩٦٩ لە بەشی زانستی بە کۆتاھێناوە.
بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە ئەستەنبۆل لە زانکۆی تەکنیکی/ کۆلیژی ئەندازیاری کیمیا دەخوێنێ و ساڵی ١٩٧٧ تەواوی دەکات و لەوێوە بەرەو لەندەن بەڕێ دەکەوێت بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
پاش گەڕانەوەی دەچێتە وڵاتی سعوودیە و دەبێتە کارمەند لە دەزگای پترۆمین سەر بە وەزارەتی نەوتی سعودیە، ھەر لەوێ لە رێگەی چەند کوردێکەوە دەبێتە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان.
دوای ساڵی ١٩٩٠ دەگەڕێتەوە کۆبانی و کاری ئاسایی خۆی دەکات وەک ئەندازیارێکی کیمیاوی بێ ئەوەی لە کاری حزبی و سیاسی داببڕێت. بوو بە ئەندام لە مەکتەب سیاسی پارتی جڤاکی نیشتمانی دیموکراتی (التجمع الوطنی الدیموقراطی) کە ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە. پاشان بۆ برەودان بە خەباتی ھاوچەرخی کوردایەتی لە ڕۆژاوا پارتی پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتی) ساڵی ٢٠٠٣ دامەزرا و تێیدابوو بە ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردن.
لەوساوە زۆرجار لەلایەن دەزگاکانی موخابەراتی سوریاوە راونراوە و گیراوە. لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی چوارەمی پەیەدە کرا بە هاوسەرەکەی سەرۆکی حیزب.
لە شەڕی ئازادکردنی ڕۆژئاوا، شەرڤانی کوری ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ گیانی لەدەستدا.
