دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئێرانییەکان کرد دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان راپەڕن، پۆلیسی ئێران هۆشداری دایە هاووڵاتیانی لەوەی ناڕەزایەتی خۆپیشاندان بکەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن و دەڵێت، وەک دووژمن مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت.
ئەحمەد رەزا رادان، بەرپرسی پۆلیسی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، هەرکەسێک لەسەر فەرمانی دوژمن بچێتە سەر شەقامەکان، چیتر بە خۆپیشاندەر دانانرێت، بەڵکو بە دوژمن دادەنرێت و بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەرپرسەکەی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو هێزەکانمان لە ئامادەباشییەکی تەواودان، پەنجەکانیان لەسەر پەلاپیتکەیە”.
پێشتر ناتانیاهۆ لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گەلی ئێرانی کردبوو، داوای لە ئێرانییەکان کردبوو کە یاخیبن لە حکوومەتەکەیان، ئەو شەڕەی ئیسرائیل و ئەمریکای بە “شەڕی مێژوویی بۆ ئازادی” وەسف کردبوو.
ناتانیاهۆ نووسیویەتی، “ئەمە دەرفەتێکە و یەکجار لە ژیاندا روودەدات بۆ رووخاندنی حکوومەت و بەدەستهێنانی ئازادیی خۆتان”، دەشڵێت “ئێوە داوای هاوکاریتان کرد و ئێستا هاتوەتە ئاراوە”.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هانی ئێرانییەکانی داوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەرفەتێک بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان سەیر بکەن.
