بارزانی ڕایدەگەیەنێت، هەموو پارتە سیاسیەكان بەشدار بن لە ئەنجوومەنی سیاسیدا؛ بەڵام نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێم.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە دیدارێكدا لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لەم شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكانە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، بارزانی وتویەتی، “ئەولەویەتمان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە و هەرێمی كوردستانیش لەپێناو نەهێشتنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری ئامادەیە لە هەر ڕۆڵێكی ئاشتیخوازانەدا بەشدار بێ كە لێی بخوازرێ”.
وتیشی، “نیگەرانین لەوەی هەندێ گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، داوا لە حكومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی كراوە كە سنوورێك بۆ ڕەفتاری ئەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە دابنرێت”.
بارزانی ڕاشیگەیاندووە، لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكان و هەستیاریی قۆناغەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت و گرنگە هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی كە تێیدا هەموو لایەك شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی.
بۆ بابەتی پێكهێنانی ئەنجوومەنی سیاسیش بارزانی “بە پێویستی زانی هەموو پارتە سیاسیەكان تێیدا بەشدار بن بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان”.
