بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ماوەی 30 ڕۆژ مۆڵەتی داوە بەو هاوڵاتییانەی داوای ژمارەی دڵخوازیان بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل کردووە و تا ئێستا سەردانیان نەکردووە بۆ ڕایی کردنی مامەڵە و پێدانی رسومات.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو هاووڵاتییانەی داوای ژمارەی دڵخوازیان کردووە بەپێی ڕێنمایی ژمارە (2ی ساڵی 2022)ی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام تا ئێستا سەردانیان نەکردووە بۆ پێدانی بڕی دوو ملیۆن دینار، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەردانی بەشی ITی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکە.
دەشڵێت: ئەگەرنا ژمارەکان دەخرێنەوە ناو سیستەم و دەفرۆشرێن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییانەی ژمارەی دڵخوازیان کڕیوە بەپێی هەمان ڕێنمایی، بەڵام تا ئێستا نەیانخستووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەردانی بەشی ITی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ ووردبینی کردنی مامەڵەکانیان.
