گومرگی هەرێم وەڵامی بەغداد دەداتەوە: ڕێکارەکانی مەرزی ئیبراهیم خەلیل وەک خۆی دەمێنێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە بڕیارێکی نوێی دەستەی گومرگەکانی عێراق بڵاوکردەوە و دڵنیایی دەداتە بازرگانان.
ڕوونکردنەوەکە وەک وەڵامێکە بۆ بڵاوکراوەیەکی دەستەی گومرگەکانی عێراق کە تێیدا هاتووە بابەتەکانی (خۆراک و دەرمان) دەخرێنە چوارچێوەی سیستەمی ئەسیکۆدا و وەرگرتنی ڕەسم و باج بۆ حسابی گومرگەکانی عێراق لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ئەنجام دەدرێت. بەپێی بڕیارەکەی بەغداد، ئەم ڕێکارە لە ڕێگەی (البیان المسبق)ـەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ دەبێت و لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٦ کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو بڵاوکراوەیەی بەغداد پێچەوانەی خاڵی (٨)ی بڕیاری ژمارە (٥٦٩)ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵە. ئەو خاڵە ئاماژە بەوە دەدات کە دەبێت وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی لەو نووسینگە گومرگیانە بێت کە کاڵاکانی لێوە هاوردە دەکرێت. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە بەغداد لەم بڕیارەدا هیچ جۆرە هەماهەنگییەکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و خۆراک دڵنیا دەکاتەوە کە “ڕێکارەکان لە گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە هەمان میکانیزمی پێشوو جێبەجێ دەکرێت و پابەندی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێم دەبن.”
