هەڵۆ کاکەوەیس
نە مووشەک بوو، نە بۆمبی فڕۆکە، نە خیانەتی ناوخۆیی! تەنها چەند وێنەیەکی “شانازی” بوون کە ئێرانیان تووشی گەورەترین کارەساتی ئەتۆمی کرد. لە ساڵی ٢٠٠٨، سەرۆکی ئەوکاتەی ئێران (ئەحمەدی نەژاد) ویستی پۆز بە تەکنەلۆژیاکەیەوە لێ بدات، بەڵام نەیزانی کلیلەکانی ماڵەکەی دەداتە دەست دزەکان!
دیارییە بەلاشەکە بۆ دوژمن!
نووسینگەی سەرۆکایەتی ئێران بە شانازییەوە وێنەی سەردانەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەم وێنانە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک “نەخشەی گەنجینە” وابوون. لەو وێنانەدا دەموچاوی زاناکان دەرکەوتن (کە دواتر بوونە ئامانج)، جۆری ئامێرەکان و شێوازی ریزکردنیان وەک کتێبێکی کراوە کەوتە بەردەست دوژمن.
کۆدەکانی مەرگ لەناو وێنەکاندا!
تەنها ئەوە نەبوو! لە پشتەوەی وێنەکاندا شاشەی کۆمپیوتەرەکان دەرکەوتبوون. شارەزایانی سایبەر تەنها لەڕێگەی شێوازی لایت و رووناکی شاشەکانەوە، تێگەیشتن کە ئێران سیستەمی کۆنترۆڵی (SCADA) بەکاردەهێنێت. ئەم زانیارییە وردە بووە هۆی دروستکردنی ترسناکترین ڤایرۆسی جیهانی بە ناوی (Stuxnet).
کارەساتە شاراوەکە…
ئەنجامەکە وێرانکەر بوو! ڤایرۆسەکە بە نهێنی خرایە ناو سیستەمەکەوە و وای کرد ئامێرەکانی پیتاندن (سەنتەریفیوج) وەک شێت بە خێراییەکی خەیاڵی بخولێنەوە تاوەکو لە ناوەوە تەقین و تێکبشکێن. بەپێی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر بوونە پەیکەری ئاسن!
باجە قورسەکە!
ئەم هەڵە میدیاییە بووە هۆی ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران سێ ساڵی تەواو بگەڕێتەوە دواوە. ئەم رووداوە ئێستا لە دەزگا هەواڵگرییەکان وەک وانەیەک دەخوێندرێت: هەندێک جار کامێرای دۆست، لە مووشەکی دوژمن وێرانکەرترە!
