ئاوات جەمال
کورد لە باشوور، هێندەی کوردەکانی رۆژهەڵات “ئێران” لە بەردەم دەرفەتێکی زێڕیندا نین بۆ بوون بە خاوەن کیانێکی نیمچەیی یان بەدەستهێنانی ماف لە ئێراندا، وا دیارە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەمجارە، رژێمی ئێران دەگۆڕن، باجێکی زۆریان داوە، بە کەم رازی نابن، بەڵام دەرفەتەکە چی دەبێت بۆ کورد، لە کاتێکدا ئێران لاواز بوو، یان شەڕێکی بەوەکالەت بۆ ئەمریکا و دواتریش بە خیانەت لەسەری دەوەستێ؟!
لە ماوەی 75 ساڵی ڕابردوودا کورد بە هاندانی ئەمریکا هەشت ڕاپەڕینی کردووە، بەڵام لە هەموویاندا پشتی لە کورد کردووە، دواهەمینیان کوردانی ڕۆژئاوا “سوریا” بوون، ئەمریکا هەمیشە کوردی وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی، وە دوای بە دەستهێنانی بەرژەوەندییەکەی، پشتی لە کورد کردووە، وە بۆی گرنگ نەبووە دواتر کورد چی بەسەردێت .
ئەوەتا تڕەمپ خواخوایەتی کورد بڵێ شەڕی زەمینت دژ بە ئێران بۆ دەکەم، بەڵام، رەنگە ئەم جارە کورد لە رۆژهەڵات زیرەکتر بن، یەکێک لە سەرکردەی گروپە سیاسییە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن دژ بە رژێمی ئێران، عەبدوڵای موهتەدییە، ئەو دەڵێ، پێشمەرگە نانێرن بۆ ناو قەتڵوعام، چوونی پێشمەرگە بە زەمینی بۆ خاکی ئێران، کاتێک روودەدات، رژێمی ئێران لاواز بووبێت.
لە پێگەی هەواڵی، تەلەگرافی بەریتانی بە مانشێتی گەورە نوسراوە، “کورد هەموو جارێک لەلایەن ئەمریکاوە خیانەتی لێ کراوە”، بەڵام رەنگە ئەمە بۆ کوردەکانی رۆژهەڵات بووبێت بە وانە!.
باشووری کوردستان “عێراق”، بە وشەیەکیش پشتگیری لە چوونی پێشمەرگە بۆ خاکی رۆژهەڵات لە باشوورەوە ناکات، بەڵام ئەمەی بە دەق رەتنەکردووتەوە، ئەمەش وا دەخوێنرێتەوە، نیمچە ئازادییەکیان هەبێت، بەڵام لە کاتی گونجاو و جوگرافیای گونجاودا، ئەو دەرفەتی چوون تاقی بکەنەوە.
پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی دژ بە ئێران، “ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران”، ئامادەیی سەربازی و سیاسین هەیە لە سنورەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لەوەی تاکە پارت، کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک”ە، وەک شانەی نوستوو لەناو خاکی ئێران، لە غیانی ئەوانیشدا پارتەکانی دیکە، ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان دامەزراندووە، ئەمەش جۆرێکە لە خۆ رێکخستنەوە.
مەترسییەکە تەنیا ئەوە نییە، پێشمەرگەی رۆژهەڵات بچنە نێو خاکی ئێرانەوە، لە حاڵێکدا ئەگەر هاتوو ئەم ڕژێمەی ئێستای ئێران نەڕووخا، ئەوە سەرەڕایی وێران کردن و زەرەر و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بۆردومانی چاوەڕوان کراوی ئێران، لەلایەکی ترەوە هێزەکانی مقاومە و حەشدی شەعبی “نزیکەکانی ئێران” لەناو خاکی عێراق پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن بە مووشەک و درۆن و دواتریش هەر ئێران، کێشەی گەورە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکات لە ڕێگەی بەغدادەوە، کە یەکەمیان مووچەیە!.
کەواتە؛ پێویستە کورد لەم قۆناغەدا وریا بێت وە سوود لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو پەندە نەڵێتەوە کە، “تەنیا چیاکان دۆستمانن “، پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا ئەمە تەڵەیە یاخود دەرفەتێکی نوێیە بۆ کورد بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی نیشتمان، ئەگەر گرەنتی لە نەمانی رژێمە دەرفەتەێکی بێ دووبارەیە و ئەگەر تەقتڵوعامی کوردە، زیرەکیی پێ ناوترێ!.
