ڕاپۆرتی CPT: ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی (١٩٦) هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ٢٣ کەس بوونەتە قوربانی.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان (ئەمریکا-ئیسرائیل) و ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئامارێکی مەترسیداری هێرش و قوربانییەکان دەخاتە ڕوو.
بەپێی ئامارەکە، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە تاوەکو ٨ی ئاداری ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان لە عێراق، (١٩٦) هێرش و بۆردوومانیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێم ئەنجامداوە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:
پارێزگای هەولێر: ١٦٢ هێرش (٨٢.٦٥٪ی کۆی هێرشەکان).
پارێزگای سلێمانی: ٢٦ هێرش (١٣.٢٧٪).
پارێزگای دهۆک: ٥ هێرش (٢.٥٥٪).
پارێزگای هەڵەبجە: ٣ هێرش (١.٥٣٪).
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشەکان تەنها بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو شوێنە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانیشی گرتووەتەوە:
شوێنە مەدەنییەکان: ٩٥ هێرش بۆ سەر هۆتێل، ناوچەی نیشتەجێبوون، کێڵگەی نەوتی و بارەگای پێشمەرگە.
دامەزراوەکانی ئەمریکا: ٥٨ هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان.
ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات: ٤٣ هێرش بۆ سەر بارەگا و کامپی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئامانجەکانی تر بریتین لە فڕۆکەخانەی هەولێر، بارەگای کۆنی UN، و بورجی کۆمپانیاکانی پەیوەندی.
ڕێکخراوی CPT پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە (٢٣) کەس بوونەتە قوربانی، کە تێیدا (٤) کەس گیانیان لەدەستداوە و (١٩) کەسی تریش برینداربوون:
دابەشبوونی قوربانییەکان: ١٥ کەس لە هەولێر، ٧ کەس لە سلێمانی و ١ کەس لە دهۆک.
ناسنامەی قوربانییەکان: ١٤ ئەندامی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، ٦ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و ٣ هاووڵاتی مەدەنی.
تیمی CPT وێڕای سەرکۆنەکردنی دەستپێشخەری هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان لەلایەن ئێرانەوە. ڕێکخراوەکە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان جەنگ ڕابگرن و جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە بەبەڵگەکردنی “تاوانەکانی جەنگ” لە هەرێمی کوردستان.
