شەپۆلێکی بەفرو باران هەرێم دەگرێتەوە

کەشناسی: شەپۆلێکی بەفرو باران هەرێم دەگرێتەوە و لە زاخۆ مەترسی لافاو هەیە.

شارەزایەکی کەشناسی وادەی هاتنی شەپۆلێکی نوێی بەفر و بارانی ڕاگەیاند و دەڵێت، کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، و چەقی شەپۆلەکە ڕۆژی یەکشەممە دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکانی هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، لە کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (٧/ ٣/ ٢٠٢٦) بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ و سۆرانەوە دەستپێدەکات، دواتر لە درەنگانی شەودا کاریگەرییەکەی بۆ سەر سنووری هەولێر، کەرکوک و ئیدارەی ڕاپەڕین درێژ دەبێتەوە.

گەڵۆززی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕۆژی یەکشەممەدا بارانبارین تەواوی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە. بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو بەم شێوەیەیە:

ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و سۆران: زۆرترین بڕی باران دەبارێت کە لە نێوان (٣٠ – ٥٠) ملم دەبێت.

هەولێر و دەوروبەری: بڕی بارانەکە لە نێوان (١٠ – ١٥) ملم دەبێت.

سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین: بڕی بارانەکە لە نێوان (١٠ – ٢٠) ملم دەبێت.

گەرمیان و کەرکوک: بارانبارین بە شێوەی مامناوەند دەبێت و لە نێوان (٥ – ٨) ملم دەبێت.

ئەو کەشناسە جەختیشدەکاتەوە، کە بەهۆی تاوەبارانی بەخوڕی لەناکاو، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئارادایە، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە ناوچە نزمەکان و کەناری ڕووبارەکان دوور بکەونەوە.

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، لەبارەی بارینی بەفر وو کۆتاییهاتنی بەفر بارین ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر ببارێت، لەوانە: (ئامێدی، کانی ماسی، شێلادزێ، حاجی ئۆمەران، چۆمان، پێنجوێن، بەرزاییەکانی ئەزمەڕ و گوێژە، تەوێڵە و بیارە، مەرزی کێلێ و بەشێک لە بەرزاییەکانی هەڵەبجە).

کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارین و سەرما و بەفره‌، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەدا (٩ی ئازار) کۆتایی پێ دێت و ئاسمان بەرەو ڕوونی دەچێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە